جیابوونەوەی هاوسەران ئەگەری قەڵەوبوونی منداڵانی لێدەكرێت

تەندروستی

20/06/2019‌ 408 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵەرەوان دەڵێن ئەو منداڵانەی كە دایك و باوكیان لێك جیابوونەوە ئەگەری قەڵەوبوونیان زیاترە لە وانەی كە دایك و باوكیان بەیەكەوە دەمێننەوە.

بە پێی لێكۆڵینەوەكە ئەمە بە تایبەت بۆ ئەو منداڵانە ڕاستە، كە بەر لەوەی بگەنە تەمەنی شەش ساڵی دایك و باوكیان لێك جیا دەبنەوە.

دوای شیكردنەوەی زانیاری ٧٥٧٤ منداڵ كە لە نیوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٢ لە دایك بوون، لێكۆڵەرەوانی پەیمانگای لەندەن بۆ ئابووری و سیاسەت ڕایانگەیاند كە پێویستە پشتگیریەكی تەندروستی زیاتری ئەو خێزانانە بكرێت كە تیایاندا دایك و باوك جیابوونەتەوە.

لێكۆڵینەوەكە گرنگترین ئەو هۆكارەكانەی خستوەتە ڕوو كە بۆچی ئەگەری هەیە منداڵان دوای جیابوونەوەی دایك و باوكیان كێشیان زیاد بكات، لە گرنگترین ئەو هۆكارانەش:

لەو خێزانانەدا پارەی كەمتر بەردەستە بۆ كڕینی میوە و سەوزەی تازە.

دایك و باوكان پێویستە زیاتر كار بكەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە كاتی كەمتریان هەبێت بۆ ئامادەكردنی خواردنی تەندروست.

پارەی كەمتر هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكیە وەرزشیانەی بە پارەن.

دایك و باوكانی جیابووەوە كات و وزەی كەمتریان هەیە بۆ پەروەردەكردنی منداڵەكانیان لەسەر خوی خواردنی تەندروست.

كێشە دەروونیەكانیش پاڵ بە دایك و باوكان و منداڵانەوە دەنێن ئەو خۆراكانە زیاتر بخۆن كە بە شەكر و چەوری دەوڵەمەندن.

ئەم لێكۆڵینەوەیە لەسەر ئەو منداڵانە كراوە كە تەمەنیان لە نێوان ٩ مانگ بۆ ١٤ ساڵ دایە.

لێكۆڵینەوەكە نیشانی دا كە ئەو منداڵانەی دایك و باوكیان جیابوونەوە لە ماوەی ٢٤ مانگی دوای جیابوونەوەكە كێشیان زیاتری كرد لەو منداڵانەی كە لە هەمان ماوەدا دایك و باوكیان بەیەكەوە ماونەتەوە.

لێكۆڵەرەوان پێیان وایە كە پێویستە زوو دوای جیابوونەوەی خێزانێك هەوڵ بدرێت ڕێگری لە قەڵەوبوونی ئەو مندالانە بكرێت كە لە مەترسیدان.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز