پلاتینی لەسەر پێدانی مۆندیالی ٢٠٢٢ بە قەتەر لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت

وەرزش

20/06/2019‌ 529 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی پێشوی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا، میشێل پلاتینی، لە لایەن دەزگای دژە گەندەڵی فەڕەنسییەوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی ئەنجامدانی جامی جیهانی ٢٠٢٢ بە قەتەر.

پلاتینی تەمەن ٦٣ ساڵ، ساڵی ٢٠١٥ بە تۆمەتی ئەخلاقی لە سەرۆكایەتیكردنی دەستەی بەڕێوەبردنی تۆپی پێی ئەوروپی دوور خرایەوە.

یاریزانی پێشووی هێڵی ناوەڕاستی فەڕەنسا و خاوەنی سێ تۆپی ئاڵتونی هەمیشە ئەوەی ڕەت كردووەتەوە كە هیچ كارێكی خراپی كردبێت.

ساڵی ٢٠١٠ قەتەر توانی ئەنجامدانی مۆندیالی ٢٠٢٢ لە وڵاتەكەی لە هەریەك لە وڵاتانی ئەمریكا، ئوستورالیا، كۆریای باشوور و یابان بەرێتەوە.

لە ئێستادا لەسەر ئەو باسە پلاتینی لە ناوچەیەكی ڕۆژئاوای پاریس دەستبەسەرە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

بەرپرسانی بوارەكە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەستیان كردووە بە لێكۆڵیەوە لەو دەنگۆیانەی كە باس لە ئەنجامدانی گەندەڵی دەكەن لە مۆندیالەكانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ـدا، بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی ٢٠١٧ سەرۆكی پیشووی فیفا بانگ كرا بۆ لێكۆڵینەوە.

لە وتەیەكدا، پارێزەرانی پلاتینی ڕایانگەیاند كە پلاتینی دەستگیر نەكراوە، بەڵكو وتەی لێوەرگیراوە و ئەویش بە ''ئارامی و بە وردی وەڵامی تەواوی پرسیارەكانی داوەتەوە و ڕوونكردنەوەی بە سوودی داوە.''

وتیشیان كە ئەو بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بەو باسەوە نییە و ئامادەشە بۆ هەموو لێكۆڵینەوەیەك.

لای خۆیەوە فیفا ڕایگەیاند كە ئاگاداری لێكۆڵینەوەن لە پلاتینی بەڵام ''لە پێگەیەك دانین كە لێدوانی زیاتر لەسەر ئەو پرسە بدەن.''

پلاتینی پێشتر بە بیانووی گەندەڵی داراییەوە بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەهەر پۆستێكی پەیوەست بە تۆپی پێوە ڕاگیرا، بەڵام دوای تێهەڵچوونەوە لەو بڕیارە ئەم ماوەیە كەمكرایەوە بۆ چوار ساڵ و بڕیاریشە لە تشرینی یەكەمی ٢٠١٩د ا ڕاگیرانەكەی كۆتایی پێ بێت.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز