ئەگەری رێككەوتنی هەولێرو بەغدا دەكرێت
ئامانجی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی ئاشكرادەكرێت

عیراق

20/06/2019‌ 4660 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەم بورهان قانع  پەرلەمانتاری كوردستان دەڵێت: بە دوری نازانم ئەمڕۆ لە بەغداد، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی رێكبكەوێت لەسەر پرسی هەڵپەسێردراوی نەوت لە نێوان عێراق و هەرێم و جێبەجێكردنی تەواوی ئەو بڕگەكانەی لەیاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی ٢٠١٩دا هاتووەو تایبەتن بەم پرسە لەنێوان هەرێم و بەغداددا.

پەرلەمانتارەكە چەند هۆكارێكی لەو بارەوە باس كردووەو دەشڵێت: نێچیرڤان بارزانی، دەیەوێت پارێزگاری لەدەسەڵاتەكانی خۆی بكات، وەكو سەرۆكی هەرێم و بەتەنیا خۆی وەك كارەكتەری یەكەمی دەسەڵاتداری هەرێم دەربكەوێت.

هەروەها دەڵێت: ناچارە هەنگاو بۆ ئەوە هەلبێنێ و دەیشیەوێت دۆسێی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و بڕیاردانیش لە رادەستكردنی بەشێكی ئەو نەوتە (رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل) بە بەغداد، لە دەستی خۆیدا بێت، نەك سەرۆكی كابینەی داهاتوی حكومەتی هەرێم یەكلایبكاتەوە.

باسی لەوەش كردووە، كە زیادبونی فشارەكان لە بەغدادەوە (بەتایبەتی لەناو پەرلەمانەوە)، بۆ ئەوەی هەرێم رۆژانە ئەو بڕە نەوتە رادەستی بەغداد بكات و یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ی عیراق جێبەجێبكات.

ئەوەش دەڵێت: نێچیرڤان بارزانی، دەیەویت خۆی ببێتە ئەندازیاری چارەسەركردنی ئەم قەیرانە دروستكراوەی سەردەمی كابینەكەی، نەك كابینەی دوای خۆی چارەسەری بكات و ببێتە دەسكەوت بۆ كابینەی داهاتوی حكومەتی هەرێم.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنج شەممە سەردانی شاری بەغدا دەكات‌و لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران‌و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان كۆدەبێتەوە.

هـ ـ ح