ئەمریكا فشار دەكات
دواین زانیاری لەسەر كەیسی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم

عیراق

20/06/2019‌ 9126 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دوا پەرەسەندنەكانی كەیسی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریمی ئاشكرا كرد، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو لە لایەن پۆلیسی ئەنتەرپولی لوبنانبییەوە ئازاد كرا.

سەعید موسا، كە ئەندامێكی چاودێری ئەوی ئەنجوومەیە، لە لێدوانێكی بۆ "بەغدا ئەلیەوم"  رایگەیاند، هێشتا نەجمەدین كەریم داواكراوی دادگای عێراقییە و بە سێ دۆسییە تۆمەتبارە، بەڵام نازانین هەرێمی كوردستان تا چ ڕادەیەك پابەندی گوێڕایەڵی فرمانەكانی دادگایە و ئاخۆ پاریزگاری پێشووی كەركوك ڕادەست دەكات یاخود نا.

موسا راشیگەیاند، دۆسیەی نەجمەدین كەریم دادوەرییە نەك سیاسییە، بە هیچ شێوەیەكیش ناكرێت ئەو دۆسیەیە بە سیاسی بكرێت، چونكە بە سیاسیكردنی كەموكورتییەكی گەورەیە لە سیستەمی دادوەریدا. 

ئەو ئەندامە چاودێرە سەرسامی خۆشی نیشاندا سەبارەت بە "فەرامۆشكردنی سیستەمی دادوەری لوبنانی بۆ داواكارییەكانی عێراق سەبارەت بە پارێزگاری پێشوو، ناشزانرێت بەكام میكانیزم ئازادكراوە"، ئەمەش لە كاتێكدایە دۆسییەی نەجمەدین كەریم لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە ڕاستێندراوە و بە دەست لە ڕێگەی شاندێكەوە نێردراوەتە لوبنان بە مەبەستی گێرانەوەی ناوبراو بۆ عێراق، چونكە فرمانێكی دادگایی غیابی لە دژ دەرچووە.

موسا ئەوەشی دووپاتكردەوە ، نەجمەدین كەریم لە ناو لیستی بڵاوكراوە سوورەكەدایە، سیستەمی دادوەری عێراقیش لە ڕادەستكردنەوەی ناوبراو بە بەغدا هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكاتەوە.

هەروەها ئەوەشی ئاشكرا كرد، فشارە ئەمریكییەكان بۆسەر دەزگای دادوەری لوبنانی بوونە هۆی ئازادكردنی نەجمەدین كەریم، بەو پێیەی پاریزگاری پێشوو هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریكییە، ئاماژەی بەوەشدا حكومەتی عێراق لەوبارەوە نەچووەتە هیچ دانوستان و گفتوگۆیەكەوە. 

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیش ئێوارەی سێشەممەی ڕابردوو ئەوەی دووپات كردبۆوە كە ڕێوشوێنە یاساییەكان دژ بە پارێزگاری پێشووی كەركوك پیادە دەكرێن، لە كۆنگرەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانیشداو وتی: ئێمە ڕێكار و ڕێوشوێنە یاساییەكان دژ بە نەجمەدین كەریمی پارێزگاری پێشووی كەركوك پیادە دەكەین، بەو پێیەی داواكراوی دادگایە.

دوای ئازادكردنی لە لوبنان، نەجمەدین كەریم لە "16 ی حوزەیرانی 2019" لایەن نیچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە لە هەولێر پێشوازی لێكرا، لە بەیاننامەیەكیشدا سەرۆكایەتی هەرێم وتی: سەرۆكی هەرێم پێشوازی لە نەجمەدین كەریم كردووە.

دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك لە 23 ی ئایاری 2018  فرمانی گرتنی بۆ نەجمەدین كەریم دەركردووە، فرمانیشی كردووە دەست بەسەر موڵك و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەی ناوبراودا بگیرێت، جگە لەو شتانەی بە گوێرەی یاسا یارای دەستبەسەرداگرتن نین،ئەمەش بە دانەپاڵی زۆر تۆمەت دژی پارێزگاری پێشوو وەك هاندانی خەڵك بۆ هەڵگرتنی چەك دژ بە هێزەكانی حكومەتی فیدڕاڵ، لەو كاتەی هاتنە كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكانەوە.

ئامادەكردن: لوقمان حاجی قادر