وڵاتانی هەژاری ئەفریقا 30 ئەوەندی شوێنانی دی پارە بەدەرمان دەدەن

تەندروستی

21/06/2019‌ 449 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شارەزایەكی باڵای بواری تەندروستی بە BBC ڕاگەیاند، بەشێك لە وڵاتانی ئەفریقی خاوەن ئابووی لاواز و مامناوەند پارەی زۆر زیاتر دەدەن بە دەرمانی زۆر ناكاریگەر.

لە وڵاتانی وەك زامبیا، سەنیگال و تونس دەرمانی ڕۆژانەیی وەك پاراسیتامۆڵ سی ئەوەندەی هەمان دەرمانی تێدەچێت لە بەریتانیا و ئەمریكا.

شارەزایەكی ناوەندی گەشەپێدانی جیهانیش دەڵێت كە بازاڕی دەرمان لە ئەفریقا كار ناكات لەبەر ئەوی هیچ پێشبڕكێیەك لە ناو كۆمپانیاكاندا نییە.

بەڕێوەبەری سیاسەتی تەندروستی جیهانیش لە ڕاپۆرتێكدا بەو ئەنجامە گەیشتووە كە وڵاتانی خاوەن ئابووری بچووك و مامناوەند ڕێژەیەكی كەمتر دەرمان دەكڕن، ئەمەش وادەكات پێشبڕكێ لاواز بێت و كوالێتی دەرمانەكانیش خراپتر بێت.

دەشڵێت: وڵاتانی دەوڵەمەند بەهۆی هەبوونی پارەی زۆر و پرۆسەیەكی بەهێزی كڕینی دەرمان، دەتوانن دەرمانەكان زۆر هەرزانتر دابین بكەن.

بەڵام وڵاتانی هەژارتر، گرانترین دەرمانەكان دەكڕن لە جیاتی ئەو دەرمانە هەرزانانەی كە ٨٥٪ـی بازاڕی دەرمانی بەریتانیا و ئەمریكا پێك دێنن.

لە لایەكی ترەوە دەڵێت: نەبوونی یاسای توند لەو وڵاتانەدا وا دەكات كە جۆری دەرمانەكان زۆر باش نەبن.

ڕاپۆرتەكە داوای هەماهەنگی جیهانی زیاتر و داڕشتنەوەی سیاسەتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەكات بە شێوەیەك كە دابینكردنی دەرمانی پێویست بۆ هەموو وڵاتان ئاسانتر بێت.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز