شارپرێس:
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لەناو بواری ئاسمانی ئێران فڕۆكەیەكی بێفرۆكەوانی ئەمەریكییان خستووەتە خوارەوە ، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا لەبەیاننامەیەكدا ئەو زانیاریەی رەتكردەوە و رایگەیاند، فرۆكەكە لەدووری ١٧ كیلۆمەتر لە بواری ئاسمانی ئێران خراوەتە خوارەوە .
توانا و تایبەتمەندی ئەو فرۆكەیە چییە؟
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسێكی پنتاگۆن بۆ كەناڵی "سی ئێن ئێن 'ی ئەمەریكی ، ئەو فڕۆكەیەی لەلایەن هێزی ئاسمانی ئێران خرایە خوارەوە فرۆكەی جۆری "گڵۆباڵ هۆك" نییە وەك ئەوەی ئاژانسی فارسی ئێرانی باسی كردووە ، بەڵكو فرۆكەی بێفرۆكەوانی ناسراو بە (MQ-4C Triton) بووە.
ئەو فرۆكەیە بەشێكە لە فرۆكەگەلی بێفرۆكەوانی ئەمەریكی، كە جێگای فرۆكەكانی U-2یان گرتووەتەوە ، دەتوانن لە بەرزی ٥٦ هەزار پێ بفڕن و خەرجی هەریەكێكیان ١٢١ ملیۆن دۆلارە.
فرۆكەكە ناتوانرێت بخرێتە خوارەوە مەگەر لەڕێگای سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٣٠٠ ی روسی نەبێت، كە ئێستا ئێران خاوەنی ئەو سیستەمەیە .
ئەركی فرۆكەی "تریتۆن" بریتییە لەزانیاری كۆكردنەوە و چالاكی سیخوڕی لەسەر زەریا و ناوچە كەناراوییەكانە ، دەشتوانێت بۆماوەی ٢٤ كاتژمێری بەردەوام بفڕێت .
ئەو فرۆكەیە دەكرێت مووشەكی زەوی –ئاسمانی لێجێگیر بكرێت و توانای بەئامانجگرتنی یەكە دەریاییەكانی هەیە ، دەشتوانێت ئامانجەكان ئاشكرابكات لەڕێگای تیشكی سەروو سوور و سكانی كارەبایی رووناكیی دەتوانێت بەپێی دووریان پۆلێنیان بكات .
بەئامێری هەستكردنی ئەوتۆ ئامادەكراوە كە بەپلەی ٣٦٠ دەتوانێت سكانی دەوروبەرەكەی خۆی بكات لەبازنەیەكی ٢٠٠٠ میلی دەریاییدا.
درێژی فرۆكەكە ١٤،٥ مەترە ، درێژی هەردوو باڵەكەی دەگاتە ٤٠ مەتر ، هەرچی بەرزییەكەیەتی دەگاتە ٤،٧ مەتر و كێشەكەی نزیكەی ٦ هەزار و ٧٧٩ كیلۆگرامە ، خێراییەكەشی دەگاتە ٣٥٧ میل لە كاتژمێرێكدا .
فرۆكەكە لەساڵی ٢٠١٢ ئاشكرا كراوە ، یەكەمجاریش لەساڵی ٢٠١٣ فریوە ، یەكەم ئەركیشی لەساڵی ٢٠١٨ جێبەجێكردووە ، واشبڕیارە لەساڵی ٢٠٢٣ بەفەرمی سوپای ئەمەریكا بیخاتە ناو خزمەتی سەربازییەوە .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی