سووربوونی كڕینی سیستەمی موشەكی روسی توركیا لەڕۆژئاوا دووردەخاتەوە

جیهان

21/06/2019‌ 1124 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مكوڕبوونی توركیا لەسەر كڕینی موشەكی ئێس 400 ی ڕوسی، مشتومڕێكە لەسەر دۆزینەوەی میتۆدێكی تازە بۆ سیاسەتی دەرەوەی توركیا. 

دیارە ئەنقەرە ئامادەیە ئاستی پەیوەندییە باوەكانی لەگەڵ ڕۆژئاوا بە گشتی و وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە تایبەتی بێنێتە خوارەوە.

بۆچی توركیا ئاوا دەكات؟ ئایا هۆكارێكی لۆژیكی لە پشتەوەیە؟
سەركردە توركەكان دەڵین وڵاتەكەیان لە پێناو دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆی، پێویستی بە كۆسیستەمی موشەكی ئێس 400 ی ڕوسی هەیە. بەڵام بەو پێیەی ئەو سیستەمە موشەكییە بەهێزترین سیستەم نییە لە جۆری خۆی، بۆیە پاساوەكەیان لاوازە، چونكە توركیا دەتوانێت سیستەمی موشەكی هاوشێوەی لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسییەوە (ناتۆ) دەست بكەوێت.

هەندێك لە شارەزایان دەڵێن، لە سایەی دوا پەرەسەندنە تازە هەرێمییەكان كە لە تەنگژەی سوریا و پرسی كوردی و هەڵكشانی ئێرانەوە پەیدا بوون،  مانەوەی توركیا لە ناو بازنەی  ڕۆژئاوادا بۆ ئەنقەرە زیانبەخشە.

ئەم لێكدانەوەیەش گرێكوێرە هەڵدەگرێت و گرفت دروست دەكات. سەبارەت بەوەی پەیوەستە بە پرسە هەرمێیەكانەوە، ناكۆكی مەترسیداری نێوان توركیا و ڕوسیا لەئارادان. دووەم ، دەوڵەتانی ڕۆژئاوا خاوەن دیدگایەكی یەكگرتوونین سەبارەت بە سیاسەتی جیهانی، بۆیە دەكرێت توركیا بە سوك و ئاسانی ئەجێنداكانی خۆی بەدەست بێنێت و دەستبەرداری هاوپەیمانییە كۆنەكانی بێت.

لێكدانەوەی سێیەم ئابوروییە 
بە گوێرەی ئەم بۆچوونە، دەبێت توركیا هێندە پشت بە ڕۆژئاوا نەبەستێت، ئەوە ئەگەر بیەوێت ئابوورییەكەی نەشونما بكات. ئەم لێكدانەوەیەش زۆر كەموكورتی هەن. چونكە چین و هندستان  دوو كێبڕكێكارە سەرەكییەكەی توركیان لە بازاڕە تازەكانی ئاسیا و ئەفریقیادا، نەوەك دەوڵەتە رۆژئاواییەكان.

توركیا سوودی لە ڕێككەوتننامە بازرگانییەكانی یەكیەتی ئەوروپا لەگەڵ یابان و دەوڵەتانی ئەمریكای باشوور وەرگرتووە، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ڕێككەوتنە گومرگییەی كە لەو جەمسەربەندییەدا هەیەتی، بەڵگەیەكیش نییە لەسەر ئەوەی ئەگەر توركیا لە ڕۆژئاوا جیابێتەوە سوودی زیاتری پێ دەگات.

دوا پاساو بۆ ئارەزوومەندی توركیا لە جیابوونەوە لە رۆژئاوا پرسی ئاسایشی ئەنقەرەیە، بە گوێرەی ئەو پاساوە دەبێت توركیا لە دەرەوەی دەوڵەتە ڕۆژئاواییەكان، بە دوای هاوپەیمانی تازەدا بگەڕێت وەك هاوپەیمانی لەگەڵ ڕوسیا. نەتەوە پەرستە توندڕەووەكان پشتیوانی لەو ئاراستەیەی ئەردۆغان دەكەن بۆ نزیكبوونەوە لە ڕوسیا و ئێران. بەڵام توركیا بەشێكە لە هاوپەیمانی بەرگری ڕۆژئاوا و هیچ جێگرەوەیەكی دیكەشی نییە. تاكە جێگرەوەی ئەنقەرە برەودانە بە هاریكاری دووقۆڵی لە بواری بەرگری لەگەڵ ڕوسیادا، بەوپێیەش توركیا بەشێكە لە ناتۆ، بۆیە ئەو هاریكارییە سەركەوتوو نابێت. 

هۆكاری سەرەكی توركیا بۆ گەڕان بەدوای جێگرەوەیەك لە سیاسەتی دەرەوەیدا، خودی سیاسەتی ناوخۆی ئەنقەرەیە. گرفتی ئەردۆغان ئەوەیە كە گەرەكیەتی شوێنپێكانی سیستەمی سەرۆكایەتییە تازەكەی لە توركیا پتەو بكات، دەوڵەتە ڕۆژئاواییەكانیش سەریەشە و گرفتی بۆ دروست دەكەن، هەر ئەمەش پاڵنەرە سەرەكییەكەی توركیا و ئەردۆغانە بۆ دووركەوتنەوە لە ڕۆژئاوا، بۆیە هەردوولا پێویستیان بەوەیە ئەو ڕایەڵە لاوازانەی نێوانیان تێپەرێنن.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا  
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر