ئەمریكا دوودڵ‌و پەشۆكاوە لەیەكلاییكردنەوەی بەرەنگاربوونەوەی ئێران

جیهان

21/06/2019‌ 1579 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵ دوا پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و پێلێڕاكێشانی ئێران، هەڕەشەكانی ئەمریكا بە وەڵامدانەوەی هەر بە ئامانجگرتنێكی ئێرانی بۆ هێز و بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكە یان بەرژەوەندی هاوپەیمانەكانی لە كەنداو، جێگەی پرسیار و مشتومڕ بوون.

چاودێران پێیان وایە ئیدارەی ئەمریكا چەند ئاماژەیەكی داون بەدەستەوە لەوەی دوودڵ و پەشۆكاوە لە یەكلاییكردنەوەی بەرەنگاربوونەوەی ئێران، تارانیش وەبەرهێنان لەو هەڵوێستەی ئەمریكادا دەكات و سوودی لێ دەبینێت.

لەو بارەشەوە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا وتی: "ئێمە باش خۆمان بۆ جەنگ دژ بە ئێران ئامادە كردووە، چاوەڕێی ئەوەشین بزانین چی ڕوودەدات".

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ گۆڤاری تایمی ئەمریكی تڕامپ دووپاتی ئەوەی كردەوە، كە ڕێگری لە ئێران دەكەن لەوەی ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی، شیمانەی ئەوەشی بە كراوەیی هێشتەوە، كە ئاخۆ پەنا بۆ هێزی سەربازی دەبەن یاخود نا.

ئەمەش لە كاتێكدایە، كە واشنتۆن ڕایگەیاندووە، نزیكەی 1000 سەربازی دیكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوەپێ دەكەن وەك بەرگرتنێك لە هەڕەشەكانی ئێران.

بەرپرسە ئەمریكییەكانیش دوا هێرشەكانی كەنداوی عومانیان داوەتەپاڵ ئێران، كە چوار هێرش بوون و كرانەسەر نەوتگوێزەرەوەكان لە نزیك كەناراوییەكانی ئیماڕات.

هەروەها ترامپ وتی: تەماشای ئێران بكەن چی دەكات، نەك هەر ئێستا، بگرە لە مێژووی دوور و نزیكیاندا ئێران وەك دەوڵەتێكی تیرۆرستی ڕەفتاری كردووە.

سەبارەت بە ئەنجامدانی كردەییەكی سەربازیش دژ بە ئێران تاكو نەبێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی و هەڕەشە لە گواستنەوەی نەوت نەكات لە كەنداو ، سەرۆكی ئەمریكا وتی: بێگومان پێداچوونەوەیەك بەم پرسەدا دەكەمەوە و هەڵوێستیشمان سەبارەت بە ڕووداوەكانی كەنداوی بە نادیاری دێڵمەوە.

لەئاكامی ڕووداوەكانی كەنداو هێرشكردنەسەر گوێزەرەوە نەوتییەكان لە گەرووی هورمزی ستراتیژی، ئەگەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تاران و واشنتۆن زیاتر بوون، واشنتۆنیش پەنجەمەی تۆمەتی بۆ ئێران درێژ كردووە و ئێرانیش ئەو تۆمەتەی رەتكردۆتەوە.

هاوكات هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوان هەردوولا، واشنتۆن لە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەی ئێران كشایەوە و زۆر دەوڵەتیشی ناچار بەوە كردن بایەكۆتی كڕینی نەوتی ئێرانی بكەن، دەنا تووشی سزای واشنتۆن دەبن.

تڕامپ ڕەخنەی ئەوەی لە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران هەیە كە باسی لە پرۆگرامە موشەكییەكەی تاران نەكردووە، باسی لەو جەنگانەش نەكردووە كە ئێران لە ڕێگەی بریكارەكانییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵیان دەگیرسینێت.

ئێرانیش لە هەمبەر توندكردنی سزاكانی ئەمریكادا ناڕەزایی توندی نیشاندا، هانی دەوڵەتانیش داوە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە لە هەرەسهێنان ڕزگار بكەن، ئەگەرنا، تارانیش پابەندی بەندەكانی ئەو ڕێككەوتننامە نابێت.

مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەش ووتی ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە فشارەكانی بۆسەر ئێران بە مەبەستی دەمكوتكردنی لە ناوچەكە، بەڵام ئامانجیان نییە ململانێی نێوانیان بەرەو هەڵكشان بچێت.

پۆمپیۆ بە رۆژنامەنووسانی وت: چەند نامەیەكیان لەگەڵ تاراندا ئاڵوگۆڕ كردووە و پەیامی ئەوەیان پێداوە كە دەمكوتی دەكەن، ئەوەشمان پێی ڕاگەیاندوون كە سەرۆكی ئەمریكا جەنگی ناوێت، بەڵام ئەوەی پێویست بێت دەیكەین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانمان لە ناوچەكە".

لەگەڵ هەڵكشانی رووداوەكانیش لەگەڵ ئێراندا، ڕۆژی 3 شەممە باسی ئەوە كراوە، كە شاناهان چی دیكە وەزیری بەرگری ئەمریكا نابێت. هۆكارەكەش ئەوەیە هەروەك ڕۆژنامەی "یو ئێس ئەی تودی" لەسەر زاری نووسینگەی لیكۆڵینەوەی فیدڕاڵی دەڵێت، كە شاناهان لێكۆڵینەوەی لێدەكرێت لەوەی ڕەفتاری توندوتیژی خێزانی ئەنجام داوە دژ بە منداڵێكی تەمەن 9 ساڵان كە بەخۆیی و ژنەكەیەوە لەو كەیسەوە گلاون. چاوەڕێش دەكرێت ماڕك ئیسبر جێگەی شاناهان بگرێتەوە لەو پۆستەدا.

ڕوسیاس داوای لە ئەمریكا كردووە كارە قەڵسكارییەكانی (ئیستفزاز) دژ بە ئێران ڕاگرێت بەو مەبەستەی لە جەنگییەوە بگلێنێت و دواشیكرد هەردوولا دانبەخۆیاندا بگرن.

"سێرچی ڕیابكۆڤ" ی جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیاش وتی " ئەوەی دەیبینین هەوڵە بەردەوامەكانی ئەمریكان بۆ چڕكردنەوەی فشاری سیاسی و ئابووری و سەربازی دژ بە ئێران، تاوەكو  تاران  قەڵس بكات و بیگلێنێتە جەنگەوە".

گەورە دبلۆماتكارێكی چینیش هۆشداری ئەوەی دایە جیهان كە دەرگاكانی دۆزەخ بە ڕووی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكرێنەوە.

"وانگ یی" وەزیری دەرەوەی چینیش ناڕەزایی ووڵاتەكەی نیشاندا دژ بە فشارەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، داواشی لە تاران كرد پەیوەست بێت بە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەوە.

مێركڵی ڕاوێژكاری ئەڵمانیاش وتی: وڵاتەكەی كە ئەندامێكی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەیە، ئەوەی پێی بكرێت دەیكات بۆ خاوكردنەوەی بارگرژییەكان لەگەڵ ئێراندا، پێویستە ئێرانیش پابەندی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەی ساڵی 2015 بێت.

هەروەها حەسەن رۆحانیش وتی: وڵاتەكەی جەنگی ناوێت و دژ بە ڕەفتارەكانی واشنتۆنن بۆ گۆشەگیركردنی ئێران. لە لێدوانێكیشدا كە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی گواستییەوە ووتی ئێران جەنگ دژی هیچ دەوڵەتێك بەرپا ناكات، ئەمریكییەكانیش شكستیان هێنا لەوەی پەیوەندییەكانمان بە دەوڵەتانی جیهانەوە بپچڕێنن. 

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر