ساڵى ئایندە نەوت رادەست دەکات
هەرێم بۆ چارەسەرکردنى کێشەى نەوت لەگەڵ بەغدا داواى رێکەوتنێکى نوێ دەکات

عیراق

21/06/2019‌ 2547 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرێمى کوردستان لەبارەى مەلەفى نەوتەوە داواى رێکەوتنێکى نوێ لە بەغدا دەکات و دەیەوێت لە ساڵى ئایندەوە نەوت رادەستى بەغدا بکات.

رۆژى پێنج شەممە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەسەردانێک گەیشتە بەغداو لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق کۆبووەو لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراقیش لەبارەى پرسى نەوتەوە گفتوگۆیان کردوە.

بەپێى ئەو زانیاریانەى شارپرێس لەسەرچاوەیەکى بەرپرسەوە لە بەغدا دەستیکەوتووە نێچیرڤان بارزانى کۆبوونەوەیەکى دوو قۆڵى لەگەڵ عادل عەبدولمەهدى کردوەو تیایدا لەبارەى پرسى رادەستکردنى نەوتەوە نێچیرڤان بارزانى پێشنیارێکى نوێى خستووەتە بەردەم سەرۆک وەزیران و داواى رێکەوتنێکى نوێى لەنێوان هەرێم و بەغدا کردوە.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان داوای کردوە، بەپێى ئەم رێککەوتنە نوێیە هەرێمى کوردستان ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات و بەشەکەى ترى خۆى بیفرۆشێت و قەرزى کۆمپانیا نەوتییەکانى لێ بداتەوە و هەروەها هەندێ قەرزى ترى دەرەوەشى پێ بداتەوە.

شارپرێس زانیویەتى سەرۆکى هەرێم ئامادەیی هەرێمى دەربڕیوە لە ساڵى ئایندەوە نەوت رادەست بکات و ئەو چەند مانگەى ئەمساڵ کە ماوە هەرێم خۆى نەوت بفرۆشێت و قەرزى کۆمپانیاکانى نەوت و قەرزەکانى ناوخۆی پێ کەم بکاتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشى کرد، کە سەرۆک وەزیرانى عێراق داواى کردوە هەرێم بەپێى یاساى بودجە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات، بەڵام سەرۆک وەزیران هیچ بڕیارو بەڵێنێکى بۆ ئەو پێشنیارە بە سەرۆکى هەرێم نەداوە.

هەروەها سەرۆک وەزیرانى عێراق بە نێچیرڤان بارزانى راگەیاندوە، لەلایەن کوتلەکانى پەرلەمان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و پەرلەمانتارانى کوردیش فشارێکى زۆرى لەسەرەو پێویستە هەرێم پابەندبوونى خۆى بە بودجە رابگەیەنێت و جێبەجێ بکات، تەئیکدى لەسەر بەردەوامبوونى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم کردوەتەوە.

هەرچەندە سەرۆک وەزیرانى عێراق و سەرۆکى هەرێم هیچ رێکەوتنێکیان نەکردوە، بەڵام لێکتێگەیشتنى تەواو نزیکبوونەوە لەنێوانیاندا هەبووە، بۆ رێککەوتنیش لەسەر ئەو مەلەفە هێڵراوەتەوە بۆ دواى پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى هەرێم ئەوکاتە  شاندى حکومەت لە نزیکترین ماوەدا سەردانى بەغدا بکات و لەسەر کێشەکان گفتوگۆ بکەن.
س.هـ