دەرمانێكی نوێ‌ بۆ چارەسەری ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون

تەندروستی

23/06/2019‌ 1123 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تووشبوانی شێرپەنجە بەخێرهاتنی دەرمانێكی تازە دەكەن، كە سیستەمی بەرگرییان ڕێكدەخاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكە.

لە چارسەرێكی تازە بۆ نەخۆشی شێرپەنجە دۆزراوەتەوە و تا ئێستا ئەنجامی دڵخۆشكەری هەبووە، ئەم چارەسەرە تازەیە سیستەمی بەرگری نەخۆشەكان دووبارە ڕێكدەخاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی كوشندەی شێرپەنجە. 

لە بەریتانیا، ژمارەیەك لە نەخۆشەكانی خزمەتگوزاری تەندروستی نەتەوەیی، كە تووشی شێرپەنجەی لیمفەڕژێنەكان ببوون لە نەخۆشخانەی شاهانەی بەریتانیا چارەسەرێكی تازەیان درایە بە ناوی CAR-T كە (دەرمانێكی زیندوو)ەو بۆ هەر نەخۆشێك جیاوازە، چونكە دەرمانەكە بەشێك لە خانەی نەخۆشەكان خۆیان لەخۆ دەگرێ.

ڤیكتۆریا پۆتەر، دكتۆری نەخۆشییەكانی خوێن لەنەخۆشخانەی شاهانەی بەریتانیا بە BBC وت: "ئەم چارەسەرە گەشەسەندنێكی زۆر سەرنجڕاكێشە و هیوای تازە بە زۆر لە نەخۆشەكانمان دەبەخشێ. زۆر هەستێكی خۆشە كە دەبینیت ئەو خەڵكانەی كە پێشتر نەتدەتوانی هیچ هیوایەكیان پێ بدەیت، ئێستا بەرەوە چاكبوونەوە دەچن.''

بەشێك لە سیستەمی بەرگری نەخۆشەكان، واتە خڕۆكە سپییەكان، دەرهێندروان و لە نایترۆجیندا بەستراون بەرلەوەی بنێردرێن بۆ تاقیگەكانی ئەمریكا، لەوێ لە ڕووی جینەكانەوە ڕێكدەخرێنەوە بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنی شێرپەنجەكە، لە جیاتی كوشتنی ڤایرۆس و بەكتریا كە ڕێگە باوەكەیە. دواتر ئەو خڕۆكە سپییانە دەخرێنەوە ناو سووڕی خوێنی نەخۆشەكەوە و لەوێدا گەشە دەكەن و باشتر بەرەنگاری شێرپەنجەكە دەبنەوە.

هەرچەندە تا ئێستا كاریگەرییە درێژخایەنەكانی چارەسەرەكە دیار نییە، بەڵام تا ئێستا ٤٠٪ ئەو نەخۆشە تووشبووانەی كە چارەسەرەكەیان وەرگرتووە، لە ماوەی ١٥ مانگدا هەموو نیشانەكانی نەخۆشییەكەیان لێ لاچووە.

چارەسەرەكە تێچووی زۆرە و هەندێ كاریگەری لاوەكی هەیە. دكتۆر ڕیوبێن بنیامین، ڕاوێژكاری نەخۆشییەكانی خوێن لە نەخۆشخانەی شاهانە دەڵێت: ''ئەو نەخۆشانەی كە چارەسەرەكە وەردەگرن ڕەنگە ڕووبەڕووی كۆمەڵێ كاریگەری لاوەكی ناخۆشی وەك تای بەرز، ڕشانەوە، سكچوون تا دەگات بە كەمبوونەوەی توانای قسەكردن و تێگەیشتن و لەهۆشخۆچوون ببەنەوە.''

وەرگێران: هێمن عەزیز