رۆناڵدۆ دەیەوێت بە رێككەوتن كەیسی ئەو ژنە یەكلابكاتەوە دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەر

وەرزش

23/06/2019‌ 640 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارێزەرەكانی ڕۆناڵدۆ دەڵێن، كە دەیانەوێت لەدەرەوەی دادگا لەگەڵ ئەو ژنە ڕێك بكەون ڕۆناڵدۆی بە دەستدرێژی سێكسی تۆمەتبار كردووە.

ڕاپۆرتە هەواڵییەكان باس لەوە دەكەن، كە تیمی یاسایی ڕۆناڵدۆ دەیانەوێت لە دەرەوەی دادگا لەگەڵ كاپرین مایۆرگا ڕێك بكەون ، كە پێشتر ڕۆناڵدۆی بەوە تۆمەتبار كردبوو دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەری.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی میرەری بەریتانی، نوێنەرانی ئەستێرەی ناوداری پرتوگال و یۆڤانتۆس، كە ئێستا ڕووبەڕووی دەنگۆی ئەوە بووەتەوە ساڵی ٢٠٠٩ لە لاس ڤێگاس دەستدرێژی كردووەتە سەر مایۆرگا، وتویانە دەیانەوێت كەیسەكە دابخرێت یان لە دەرەوەی دادگا لە لایەن ناوەندگیرێكی شارەزاوە چارەسەر بكرێت.

تیمی یاسایی مایۆرگای تەمەن ٣٤ ساڵ لەم دواییانەدا ڕایانگەیاند، كەیسەكەیان گواستووەتەوە بۆ دادگایەكی فیدراڵی، پێشترش لەم مانگەدا باس لەوە كرابوو، كە ڕۆناڵدۆ بە فەرمی سەبارەت بەو داوە یاساییە لە لایەن دادگاوە داوا كراوە.

بە پێی ڕۆژنامەی میرەر، تیمی یاسایی هێرشبەرەكە داوایان لە دادگای هەرێمی ناڤادا كردووە كاتی زیاتریان بداتێ بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكی ٤٦ لاپەڕەیی بۆ بەرگریكردنی لە ڕۆناڵدۆ – درێژی ئەم ڕاپۆرتەش بۆ ئاڵۆزی كەیسەكەی دەگەڕیتەوە.

یاریزانەكە خۆی بە توندی تۆمەتەكان ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت: هەر بەركەوتنێك لەگەڵ ئەم خانمە بە ڕەزامەندی بووە.

ڕۆناڵدۆ تۆمەتباریشە بە ناردنی دەستەیەك بۆ لای مایۆرگا بۆ ناچاركردنی بەوەی ، كە بە ٣٧٥ هەزار دۆلار ڕازی بێت و بێدەنگ بێت، تیمەكەش دان بەوەدا دەنێت كە هەوڵی ڕێكەوتنێكی لەو شێوەیە دراوە، بەڵام هیچ كارێكی هەڵەیان نەكردووە.

وەرگێران: هێمن عەزیز