كاركردنی زۆر مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشك زیاد دەكات

تەندروستی

23/06/2019‌ 453 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵەرەوان دەڵێن كاركردنی ماوەدرێژ پەیوەندی نزیكی هەیە بە زیادبوونی مەترسی جەڵتەی مێشكەوە.

بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی فەڕەنسی كاركردنی ماوەدرێژ ئەوەیە كە لە ساڵێكدا بەلای كەمەوە پەنجا ڕۆژ زیاد لە دە كاژێر كار بكەیت.

توێژەران دەڵێن: ئەوانەی بۆ ماوەی دە ساڵ كاری ماوەدرێژیان كردووە مەترسی تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشك زیاترە.

بەڵام ڕێكخراوی جەڵتەی مێشكی بەریتانی دەڵێت كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كاریگەرییەكانی كاركردنی ماوەدرێژ دەتوانرێت چەندان شت ئەنجام بدرێت، وەك ڕاهێنانی وەرزشی و خواردنی خۆراكی تەندروست.

توێژەرانی زانكۆی ئەنگەز بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای نەتەوەیی فەڕەنسا بۆ لێكۆڵینەوەی تەندروستی و پزیشكی لێكۆڵینەوەیان لەسەر ١٤٣٠٠٠ كەسی پێگەیشتوو كرد سەبارەت بە كاریگەرییەكانی تەمەن، جگەرەكێشان و كاركردنی ماوەدرێژ.

نزیكەی سێیەكی ئەوانە كاری ماوەدرێژیان كردبوو و ١٠٪ـیشیان بۆ ماوەی دە ساڵ زیاتر كاری ماوەدرێژیان ئەنجام دابوو. لەو ڕێژەیە ١٢٢٤ كەسیان تووشی جەڵتەی مێشك ببوون.

كاراتر كار بكە
توێژەران لە ڕۆژنامەی كۆمەڵەی جەڵتەی ئەمریكی دەڵێن كە ئەوانەی كاری ماوەدرێژ دەكەن ٢٩٪ ئەگەری تووشبوونیان بە مەترسی جەڵتەی مێشك زیاترە و ئەوانەش كە بۆ ماوەی زیاد لە دە  ساڵ كاری ماوەدرێژ دەكەن ئەگەری تووشبوونیان ٤٥٪ زیاترە. 

بەرپرسی لێكۆڵینەوەكە وتیشی كە ''پەیوەندی نێوان كاری ماوەدرێژ بۆ ماوەی دە ساڵ  و جەڵتەی مێشك لەو كەسانەدا بەهێزترە كە لە خوار تەمەنی ٥٠ ساڵیەوەن. ئەمە چاوەڕواننەكراو بوو، بۆیە توێژینەوەی زیاتر پێویستە.''

هەروەها وتیشی : وەك دكتۆرێك، ئامۆژگاری نەخۆشەكانم دەكەم كە كاراتر كار بكەن و هەوڵیش دەدەم كە خۆم ئامۆژگاریەكانی خۆم جێبەجێ بكەم.

دكتۆر ڕیچارد فرانسیس، بەرپرسی بەشی توێژینەوە لە كۆمەڵی جەڵتەی مێشك وتی: ''دەتوانی چەندان شت بكەیت بۆ كەمكردنەوەی مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشك، تەنانەت گەر كاری ماوەدرێژیش بكەیت. خۆراكی تەندروست، ڕاهێنانی وەرزشی، وازهێنان لە جگەرە و خەوتنی پیویست كاریگەری گەورەیان لەسەر كەمكردنەوەی ئەو مەترسییە هەیە.''

وەرگێڕان: هێمن عەزیز

بەپەلە