ململانێكانی ئەمریكاو ئێران.. لە لادانی موسەدەق-ەوە بۆ سەردەمی ترامپ

جیهان

24/06/2019‌ 1002 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە لادانی سەرۆك وەزیرانی ئێران لە ساڵی ١٩٥٣ بەهۆی پلانی CIA وە، بۆ گرژی و ڕووبەڕووبوونەوەكانی سەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترامپ، گەڕانەوەیەك بۆ پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە ماوەی ٦٥ ساڵی ڕابردوودا.

ساڵی ١٩٥٣: لادانی موسەدەق
دەزگا سیخوڕییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا پلانێكیان دانا بۆ ئەنجامدانی كودەتایەك بۆ لادانی سەرۆك وەزیرانی بە دیموكراسی هەڵبژێردراو، محەمەد موسەدەق، كە ئەم سەركردە عەلمانییە هەوڵی دابوو كە پیشەسازی نەوتی ئێران خۆماڵی بكات.

ساڵی ١٩٧٩: شۆڕشی ئێران
لە ١٦ـی كانوونی دووەم، پاش چەند مانگێك لە خۆپیشاندان و مانگرتنی ڕكابەرە عەلمانی و دینییەكانی، محەمەد ڕەزا شای لایەنگری ئەمریكا ناچار كرا كە وڵات جێبێڵێ.

دوو هەفتە دواتر، سەركردەی ئاینی، ئایەتوڵڵا خومەینی، لە هەندەرانەوە گەڕایەوە. پاش ڕاپرسییەك، لە ١ـی نیسان كۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیەندرا.

١٩٧٩-١٩٨١: قەیرانی بارمتەكانی باڵیۆزی ئەمریكا
لە تشرینی یەكەمی ١٩٧٩، باڵیۆزی ئەمریكا لە تاران لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە گەمارۆ درا و ئەوانەی لە باڵیۆزخانەكەدا بوون بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ هەر لە مۆزەخانەكەدا بە بارمتە مانەوە. دوا بارمتەكان لای ئێران كە ژمارەیان ٥٢ كەس بوو لە كانوونی دووەمی ١٩٨١ ئازاد كران، لە ڕۆژی دەستبەكاربوونی سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا، ڕۆناڵد ڕیگان. شەش ئەمریكی تر كە لە باڵیۆزخانە ڕایان كردبوو لایەن دەستەیەكەوە كە خۆیان وەك فیلمساز نیشاندابوو بە قاچاخ لە ئێران برانە دەرەوە.'

١٩٨٥-١٩٨٦: ئابڕووچوونی ئێران-كۆنترا
ئەمریكا بە نهێنی كۆمەڵێ چەكی ڕەوانەی ئێران كرد، ئەمەش بە بیانووی قەرەبووكردنەوەی هاوكاری ئێران لە ئازادكردنی بارمتە ئەمریكییەكان لای چەكدارەكانی حیزبوڵڵا لە لوبنان.

قازانجەكانی ئەو چەكفرۆشتنە ڕەوانەی یاخیبووەكانی نیكاراگوا كرا، ئەمەش بووە هۆی دروستكردنی قەیرانێكی سیاسی بۆ ڕیگان.

١٩٨٨: فڕۆكەیەكی مەدەنی ئێرانی دەخرێتە خوارەوە.
لە ٣ـی تەمووز، كەشتی جەنگی ئەمریكی USS Vincennes فڕۆكەیەكی پڕ لە سەرنشینی ئێرانی لە كەنداو خستە خوارەوە، كە بووە هۆی كوژرانی هەر ٢٩٠ سەرنشینەكەی ناوی. ئەمریكا ڕایگەیاند كە ئەم فڕۆكەیە بە هەڵە وەك فڕۆكەی جەنگی دیاری كراوە.
بەشی زۆری قوربانییەكان حاجیانی ئێرانی بوون كە لە گەشتدا بوون بۆ مەككە.

٢٠٠٢: بەرەی خراپە
لە وتارێكدا، جۆرج بۆش ئێرانی وەك بەشێك لە بەرەی خراپە ناوزەد كرد لەگەڵ هەریەك لە عێراق و كۆریای باكوور. ئەم وتارە بووە هۆی تووڕەییەكی زۆر لە ئێران.

ساڵانی ٢٠٠٠: ترسی چەكی ناوەكی و گەمارۆكان
ساڵی ٢٠٠٢ گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئاشكرای كرد كە ئێران لە هەوڵی پەرەپێدانی دامەزراوەی ناوەكیدایە و  وێستگەیەكی پیتاندنی یۆرانیۆمی دامەزراندووە.

ئەمریكا ئێرانی بە بەرنامەی چەكی ناوەكی نایاسایی تۆمەتبار كرد و ئێرانیش ڕەتی كردەوە. ئەمە دەیەیەك لە دانوستانی دیبلۆماسی و چاودێری ناوەناوەی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ چالاكی ناوەكی ئێرانی بە دوادا هات.

بەڵام دژ بە حكومەتە پارێزكارەكەی محەمەد ئەحمەدی نەژاد، هەریەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا چەندان سزایان بەسەر ئێراندا سەپاند.

٢٠١٣-٢٠١٦: پەیوەندی نزیكتر و ڕێككەوتنی ناوەكی
لە ئەیلولی ٢٠١٣، پاش مانگێك لە دەستبەكاربوونی سەرۆكی میانڕەوی ئێران حەسەن ڕۆحانی، ناوبراو لەگەڵ باراك ئۆباما لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەیان كرد. ئەمە یەكەم گفتوگۆ بوو لەسەر ئاستی باڵا لە ماوەی سی ساڵدا.

پاشان لە ساڵی ٢٠١٥، پاش چەندان چالاكی دیبلۆماسی چڕ، ئێران ڕازی بوو بە ڕێككەوتنێكی درێژ مەودا سەبارەت بە بەرنامە ناوەكییەكەی لەگەڵ كۆمەڵێك لە زلهێزەكانی جیهان كە بە كۆمەڵەی ٥+١ ناسرا بوون و پێك هاتبوو لە هەریەك لە ئەمریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا، چین، ڕووسیا و ئەڵمانیا.

بە پێی ڕێككەوتنەكە، ئێران ڕازی بوو بە سنوورداركردنی چالاكییە ناوەكییە هەستیارەكانی و ڕێگەدان بە پشكنەرە نێودەوڵەتییەكان لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابووریەكان.

٢٠١٩: گرژییەكانی كەنداو
لە مانگی ئایاری ٢٠١٨دا، سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ لە ڕێككەوتنەكە كشایەوە، دواتریش سزا ئابووریەكانی بەسەر ئێران و ئەو وڵاتانەی كە بازرگانی لەگەڵ دەكەن سەپاندەوە.

پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەرەو خراپی چوون. ئەمریكا كەشتییەكی فڕۆكەی هەڵگر و كۆمەڵێك موشەكی B-52 ی ڕەوانەی كەنداو كرد، چوونكە پێی وابوو كە كۆمەڵێ ئاماژەی نیگەرانی و مەترسی بۆسەر ئاشتی لە پەیوەست بە ئێراندا دەركەوتوون.

پاشان لە ئایار و حوزەیرانی ٢٠١٩، كۆمەڵێ تەقینەوە شەش كەشتی نەوت هەڵگریان لە كەنداوی عوممان كردە ئامانج و تیایدا ئەمریكا ئێران تۆمەتبار دەكا بە ئەنجامدانیان.

لە ٢٠ـی حوزەیران، هێزەكانی ئێران فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكییان لە ئاسمانی گەرووی هورمزدا خستە خوارەوە. ئەمریكا دەڵێ كە بەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەكانەوە بووە و ئێرانیش دەڵێ بەسەر ناوچەكانی ئەوەوە بووە.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز