هەشت ڕێگا بۆ ڕێگریكردن لەنەخۆشی لەدەستدانی عەقڵی Dementia

تەندروستی

25/06/2019‌ 400 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كێشت دابەزێنە
ئەوانەی كێشیان زیادە بە دڵنیاییەوە پیویستە گۆڕانكارییەك لە سیستمی خواردنیاندا بكەن یان وەرزش بكەن. 

قەڵەوی یەكێكە لە هۆیە سەرەكییەكانی لەدەستدانی عەقڵی (Dementia). ڕاهێنانی زۆر سووڕی خوێن باشتر دەكا و پرۆسەی هەرسكردنیش تەندروستتر دەكات.

خۆراكی تەندروست بخۆ
سیستەمێكی خۆراكی تەندروست – دەوڵەمەند لە سەوزە، زەلاتە و ڕۆنی ڕووەكی – كاریگەری ئەرێنی بەرچاوی هەیە لەسەر بۆڕییەكانی خوێن. لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە كە ئەوانەی مەترسییەكانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشك كەم دەكەنەوە و كەمتر خواردنی پڕ چەوری دەخۆن، كەمتریش ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی لەدەستدانی عەقڵی هەیە.

زیاتر بجوڵێ
جووڵەی جەستەیی بۆڕییەكانی خوێن دەخاتە كار، لەبەرئەوە دژ بە ئەم نەخۆشییەیە. هەروەها یارمەتی كۆئەندامی دەمار دەدات. لەو ڕێگەیەوە مێشك كۆنترۆڵی جەستە دەكات و لە دەماری ناو ماسولكەكانەوە ئاماژەی پێدەگاتەوە. ئەمەش هاوسەنگی نێوان جەستە و مێشك ڕادەگرێت و وادەكات كە كەسێك باشتر كۆنترۆڵی خۆی بكات – هەروەها یادەوەریشی گەشە دەكات.

واز لە جگەرە بهێنە
هەرگیز وەك ئێستا وازهێنان لە جگەرە ئاسان نەبووە: لە زۆربەی شوێنە گشتییەكان قەدەغە كراوە و كەمتر و كەمتر خەڵكی جگەرە پێدەكەن. بە كورتی: نیكۆتین ژەهری دەمارەكانە! هەروەها مەترسی نەخۆشییەكانی سووڕی خوێن زیاد دەكات، ئەمەش واتە ئۆكسجینی كەمتر دەگات بە مێشك. سەرئەنجام ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی لەدەستدانی عەقڵی زیاتر دەبێت.

خواردنەوە كحولییەكان ژەهرێكی تەواون، مەیانخۆرەوە
خواردەنەوە كحولییەكانیش دوژمنی هەستە دەمارەكانن. گەر زۆر بخورێتەوە ڕاستەوخۆ مێشك وێران دەكات. تەنانەت لە دۆخی كەمخواردنەوەشیدا، بەهۆی زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیی بۆڕییەكانی خوێن، مەترسی نەخۆشی لەدەستدانی عەقڵیش زیاد دەكات

پەستانی خوێنت بپشكنە
هێشتەنەوەی پەستانی خوێنت بە ڕێكی، هەنگاوێكی گرنگی ڕێگرتنە لە نەخۆشی لەدەستدانی عەقڵی. نەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن زۆرجار دەبنە هۆی ئەم نەخۆشییە. دەتوانی پەستانی خوێن لە ڕێگەی وەرزشكردن، خۆراكی تەندروست، وازهێنان لە جگەرە و خواردنەوە كحولییەكانەوە دابەزێنیت. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ كەس بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێنیان پێوستیان بە دەرمانی تایبەتە. 

لە ڕووی عەقڵییەوە چالاكبە
هەر چالاكییەكی عەقڵی مێشك بە زیندوویی دێڵێتەوە. بەڵام ئەمە تەنیا شیكاركردنی مەتەڵ و فێربوونی شت ناگەیەنێت. پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان زۆر گرنگترن، لەبەرئەوەی یارمەتی مانەوەی یادەوەری دەدەن. بۆیە لەگەڵ هاوڕێكانتدا لە پەیوەندیدا بە، بەیەكەوە شت بكەن و بۆنەی كۆمەڵایەتی ڕێك بخەن.

سەما بكە
مۆسیقا، ڕاهێنان و كاتبەسەربردن لەگەڵ هاوڕێیان بە گەنجی و تەندروستی دەتهێڵنەوە! ڕەنگە هیچ شتێك هێندەی سەماكردنی بەردەوام ڕێگری لە نەخۆشی لەدەستدانی عەقڵی نەكات. 

وەرگێڕان: هێمن عەزیز