بەشۆردنی ددانەكان دەتوانی نەخۆشی لەبیرچوونەوە دوابخەیت

تەندروستی

25/06/2019‌ 510 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پاكڕاگرتنی دەم تەنیا ڕێگری لە كلۆربوونی ددانەكان ناكات، توێژەرانی نەرویج پەیوەندییەكی نزیكییان لەنێوان نەخۆشی پوك و ئەلزەهایمەردا دۆزیوەتەوە.

توێژەرەكان ئەوەیان سەلماندووە، هەوكردنی پوك ڕۆڵی یەكلاكەرەوە دەبینێت لەوەی كە ئایا نەخۆشی ئەلزەهایمەر لە كەسێكدا گەشە دەكات یان نا.

پیۆتر میدێل لەتاقیگەی لێكۆڵینەوەی برۆگلێمانز، بەشی زانستی شیكاری نەخۆشییەكان لە زانكۆی بێرگن بڵاویكردەوە، بە پشتبەستن بە بەڵگەی DNA ئەوەیان سەلماندووە، كە ئەو بەكتریایەی دەبێتە هۆی هەوكردنی پوك، دەتوانێ لە دەمەوە بڕوات بۆ مێشك.

بەكتریاكە پرۆتینێك بەرهەم دێنێ، كە دەبێتە هۆی وێرانكردنی خانە دەمارییەكان لە مێشكدا، كە ئەمیش سەردەكێشێ بۆ یاد چوونەوەی یادەوەرییەكان و لە كۆتاییشدا دەبێتە هۆی ئەلزەهایمەر.

بۆ یادگەیەكی باشتر ددانەكانت بشۆ
میدێل ئاماژە بەوە دەكات كە بەكتریاكە بە تەنیا نابێتە هۆی ئەلزەهایمەر، بەڵام بوونی ئەو بەكتریایە مەترسی تووشبون بە نەخۆشییەكە بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیاد و گەشەسەندنی نەخۆشییەكە زۆر خێراتر دەكات.

بەڵام هەواڵە خۆشەكە ئەوەیە ئەو لێكۆڵینەوەیە نیشانی دەدات كە خۆت دەتوانی هەندێ شت بكەی كە مەترسی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر زۆر كەم دەكاتەوە.

ددانەكانت بشۆ و پەتی ددان بەكار بهێنە. میدێل دەشڵێت كە گەر توشی هەوكردنی پوك بوویت یان یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەت تووشی ئەلزەهایمەر بووە، زۆر گرنگە كە ناوەناوە بچیتە لای دكتۆری ددان بۆ پاككرنەوەی ددانەكانت بە باشی.

دەرمانی تازە گەشەیان پێدەدرێ
پێشتر توێژەران ئەوەیان سەلماندبوو كە ئەو بەكتریایانەی دەبنە هۆی هەوكردنی پوك، دەتوانن لە دەمەوە بچێنە ناو مێشكەوە و لەوێ بەهۆی ئەو ئەزیمە زیانبەخشانەی دەر دەدەن دەتوان خانە دەمارییەكان وێران بكەن. ئێستا بۆ یەكەم جار میدێل بەڵگەی DNA لەبەر دەستە بۆ سەلماندنی ئەو پرۆسەیە. میدێل و هاوكارەكانی توێژینەوەیان لەسەر ٥٣ كەسی تووشبوو بە ئەلزەهایمەر كرد و لە ٩٦٪ـی كەیسەكاندا ئەو ئەنزیمەیان دۆزیەوە. میدێل دەڵێت ئەو دۆزینەوەیە ڕێگەیەكی تازە لەبەردەم توێژەراندا دەكاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئەلزەهایمەر.

میدێل ڕایگەیاند، ئەوان دەرمانێكی تازەیان گەشە پێداوە كە ڕێگری لە بەكتریاكە دەكات لە دەردانی ئەنزیمە زیانبەخشەكە و بەمەش گەشەسەندنی ئەلزەهایمەر دوا دەخا. كۆتایی ئەمساڵیش بە نیازن ئەم دەرمانە تازەیە تاقی بكەنەوە.
    
وەرگێڕان: هێمن عەزیز