شارپرێس:
قورسە بڕوا بەهەموو كەس بهێنریت ، كە پەیرەوی سسیتەمێكی خۆراكی تەندروست بكات ، بەڵام دەكرێت چێژ لەسوودە سەرسووڕهێنەرەكانی سیستەمی گیاییش بكرێت بێئەوەی دەستبەرداری ئەو خۆراكانە بێت، كە گۆشتی ئاژەڵی و پەلەوەڕی لەخۆگرتووە.
بەگوێرەی پێگەی "Care2"، گەلێك لێكۆڵینەوە ئەوەی دەرخستووە زیادكردنی خواردنی خواردنە گیاییەكان لەیەككاتدا یارمەتی باشكردنی تەندروستی و پاراستنی ژینگە دەدات .
پرۆتینی گیایی
دەكرێت هەفتانە جارێك یان دووجار پرۆتینی گۆشتی بە پرۆتینی گیایی بگۆردرێت ، پرۆتینی گیایی لە فاسۆلیا و نیسك و پاقلەی سوودانیدا هەیە ، لێكۆڵینەوە زانستییەكان دەڵێن پشتبەستن بە پرۆتینی گیایی ڕیشاڵ و ڤیتامین و كانزاكان بۆ جەستە دابین دەكات ، ئەوە جگە لەوەی وادەكات هەست بە تێروپڕی بكرێت.
لیستی قەدەغەكراوەكان
پێویستە ئەو ماددە خۆراكیانەی دەیانكڕین بزانین ناوەرۆكەكەیان چی تێدایە و لیستی ئەو زانیاریانەی لەگەڵ قوتووەكە هاوپێچ كراوە بەباشی بخوێنینەوە ، دەبێت خۆمان لە خواردنی ئەو پێكهاتە زیانبەخشانە بەدوور بگرین وەك شەكری زیادكراو و چەوری ناتەندرووست .
كاری لەپێشینە بۆ سەوزەكان بێت
شارەزایان دەڵێن دەبێت كاری لەپێشینەمان لە خواردنەكاندا بۆ خواردنی سەوزەكان بێت ، ئەو ئامۆژگارییە بۆ هەموو كەسێكە تەنانەت ئەوانەی سەوزەكان بەشێوەیەكی ڕێكوپێكیش دەخۆن.
شارەزایان دەڵێن دەبێت لەهەر ژەمێكدا سەوزەكان بەشی هەرە گەورەی ژەمەكە پێكبهێنێت ، لەبەر خواردنی بڕێكی كەم لێی ئەو ئامانجە بەدی ناهێنێت كە بۆ تەندرووستییەكی باش پێویستە .
گیا و بەهاراتی زیاتر
لەكاتی دەستبەرداربوون لەو ژەمانەی تاموچێژێكی زۆریان هەیە بەهۆی ئەوەی بۆنموونە چەوری و پەنیر و گۆشتی سووركراوەی تێدەكرێت ، دەكرێت بە تێكردنی گیاو بەهاراتەكان قەرەبوو بكرێتەوە كە بژاردەیەكی زۆر باشتر و بەسوودترە بۆ تەندرووستی . گیاو بەهاراتەكان دەبنە هۆی كەمكردنی كێشی جەستە لەبەر ئەوەی هیچ كالۆرییان تێدا نییە و زۆرێكیان سەرچاوەیەكی سرووشتین بۆ دژە هەوكردن و دژە ئۆكسید .
ژەمە خێراكان
ژەمە خێراكان یەكێكن لە هۆكارەكانی نەتوانینی دابەزاندنی كێشی جەستە و پارێزگاریكردن لە تەندرووستییەكی نموونەیی . بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی دەستبەرداربوون لە ژەمە خێراكان رەنگە كارێكی قورس بێت ، بۆیە دەكرێت ئەو ژەمە خێرایانە بخورێت كەپشت دەبەسترێت بە سەوزە و خۆراكە گیاییەكان ، لەبەر ئەوەی خواردنی ژەمێكی سووكی پێكهاتوو لە میوە و چەرەسات و سەوزە وادەكات بتوانرێت جڵەوی گەرمۆكەكان (كالۆری) بكرێت .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی