فوئاد حوسێن-یشی تێدایە
پەرلەمانی عێراق كار بۆ لەكارخستنی پێنج وەزیری كابینەكەی عەبدولمەهدی دەكات

عیراق

25/06/2019‌ 2591 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕیاز مەسعودی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سائیرون، ئەوەی ئاشكرا كردووە هەوڵی پەرلەمانتاران لەئارادان بۆ لەكارخستنی 5 وەزیری كابینە وەزارییەكەی عادل عەبدولمەهدی.

ئەو پەرلەمانتارە هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە ئەو 5 وەزیرە ڕێوشوێنی لێپرسینەوە و دادپەروەری دەیانگرێتەوە و تۆمەتی ئەوەشیان لەسەرە، كە لە گەندەڵییەوە گلابن و پابەندی بەرنامەی حكومەت نەبووبن.

مەسعودی لە لێدوانێكیدا بۆ "مەعلومە" وتی: ژمارەیەكی زۆری لە پەرلەمانتارانی عێراق، واژووی پەرلەمانتارەكانیان كۆكردووەتەوە بە مەبەستی لەكارخستنی 5 وەزیر لە كابینە وەزارەییەكەی عادل عەبدولمەهدی.

هەروەها وتیشی: پڕۆسەی لەكارخستنی ئەو وەزیرانە هەر یەك لەنەعیم ڕوبەیعی وەزیری گەیاندن و پەیوەندییەكان، لوئەی خەتیب وەزیری كارەبا، فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی، سامر غەزبانی وەزیری نەوت، محەمەد عانی وەزیری بازرگانی دەگرێتەوە.

مەسعودی ئاماژەی بەوەشدا، ئەو 5 وەزیرە، بۆیە لەكاردەخرێن، چونكە پەیوەستن بە پرسی لێپرسینەوە و دادپەروەرییەوە و لە مامەڵە و سەودای گەندەڵیی داراییەوە گلاون، ئەوەشی وت ئەو 5 وەزیرە پابەندی بڕگەكانی پرۆگرامی حكومەتی فیدڕاڵی نەبوون.

ناوبراو باسی ئەوەشی كرد، كە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لێپرسینەوە لەو وەزیرانە دەكات، نیازیشی وایە لەكاریان بخات، ئەمەش لە پێناو ڕاستكردنەوەی ئاراستەی پڕۆسەی سیاسی بۆسەر ڕێگە ڕاستەقینەكەی خۆی.

پێشتریش لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئەوەی ئاشكراكردبوو، كە عادل عەبدولمەهدی داواكارییەكی خراوەتە بەردەست بۆ لەكارلادنی 4 وەزیر بەو پێیەی سەرپێچییان هەبووە.

عومەر تەعمەی سەرۆكی فراكسیۆنی "میتۆدی نیشتمانی" لە لێدوانێكی پێشوودا ئەوەی ئاشكرا كردبوو، كە زانیاری و بەڵگە لەبەردەستدان بەتێوەگلانی هەندێك لە وەزیرەكان لە تیرۆرەوە .

وتیشی دۆسیەیان لایە، كە ڕەوانەی لایەنی چاودێری تایبەتمەند كراون سەبارەت بەگەندەڵی دارایی و كارگێڕی، كە دەچێتە بواری پسپۆڕی ڕێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری.

وەرگێران: لوقمان حاجی قادر