پارتی بە‌مەرجی داوای لێبوردنكردن لەگەڵ یەكێتی كۆدەبێتەوە‌

کوردستان

25/06/2019‌ 9853 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەسەر قسەكانی مەحمود سەنگاوی لە دژی بارزانی، پارتی بایكۆتی دانیشتنی لەگەڵ یەكێتیدا كردووەو بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان،‌ مەرجی ئەوەی داناوە یەكێتی بە‌فەرمی داوای لێبوردن لە بارزانی بكات.   

لەو بارەوە سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بۆ ژمارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممەی رۆژنامەی “زەمەن”ی راگەیاند: بە مەبەستی یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك و پێكهێنانی كابینەی نوێ، تائێستا دووجار داوای كۆبوونەوەیان لە پارتی كردووە، بەڵام مەكتەبی سیاسی پارتی ئامادەنین دابنیشن لەگەڵیاندا.    

سەرچاوەكە راشیگەیاند، “پارتی پێیان وتووین تا بە فەرمی مەكتەبی سیاسی یان وتەبێژی یەكێتی داوای لێبوردن لە بارزانی نەكات، ئەوا ئامادەی دانیشتن نین لەگەڵتاندا. كە هۆكارەكەی نیگەرانی ئەوانە له ‌قسەكانی مەحمود سەنگاوی”.  

لە چەند رۆژی رابردوودا، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكرایەوە، كە تێیدا مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە كۆبوونەوەیەكی پێشمەرگە دێرینەكاندا رەخنەی توند لە بارزانی دەگرێ و بە “پیاوێكی زۆر بچووك” ناوی دەبات.    

هەرچەندە وتەبێژی یەكێتی لە روونكردنەوەیەكدا رەتی كردەوە‌ قسەكانی سەنگاوی “بۆچوونی فەرمی یەكێتی بێ”، بەڵام پارتی و بارەگای بارزانی بە توندی وەڵامی سەنگاوییان دایەوەو بە مافیاو تاڵانچی و بكوژ وەسفیكرد، رەخنەیان لە روونكردنەوەكەی وتەبێژی یەكێتی گرت و بە “بەیاننامەی شەرمنانەو بێناوەرۆك” وەسفیان كرد.   سەرچاوەكەی “زەمەن” ئاشكرایكرد، لەكاتی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا، بەرهەم ساڵح داوای لێبوردنی بە نێچیرڤانی بارزانیدا ناردووە بۆ بارزانی و مەكتەبی سیاسی پارتی، بەڵام پارتی رەتیانكردووەتەوەو وتوویانە دەبێ ئەو داوای لێبوردنە بە فەرمیی بێ.   

بەپێی قسەی سەرچاوەكەی “زەمەن”، بەرهەم ساڵح تەنانەت بە نێچیرڤان بارزانی وتووە “رای یەكێتی ئەوەیە كە من و قوباد تاڵەبانی له رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمدا باسمانكرد. ئەگەر رای یەكێتی ئەو گوزارشتكردنەی مەحمود سەنگاوی بوایە، ئەوا من ئەورۆژە بەو شێوەیە باسی كاك مەسعودم نەدەكرد”.   

لە ئێستادا فیگەرەكانی خاوەن بڕیارو مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوون بە دوو بەشەوە بەشێكیان پێیانوایە “بۆ ئاوكردن بەو ئاگرەدا” بە ئاشكرا داوای لێبوردن بكەن و بەشێكەی تریان توندن و لەگەڵ پۆزشهێنانەوەو داوای لێبوردندا نین.   وابڕیاریشە‌ ئەمڕۆ سێشەممە، مەكتەبی سیاسی پارتی كۆببێتەوە بۆ ئەوەی دوایین هەڵوێست لەو كێشەیە لەبەرامبەر یەكێتی رابگەیەنێت.

هـ ـ ح