چین خوازیارە ئەمریكا سزا نەشیاوەكان لەسەر كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی هەڵگرێت

ئابوری

26/06/2019‌ 376 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جێگری وەزیری بازرگانی چین دەڵێت حكومەتی چین خوازیارە ئەمریكا سزا نەشیاوەكان لەسەر كۆمپانیا چینییەكان هەڵوەشێنێتەوە.

وەزارەتی بازرگانی ئەمریكا ڕۆژی هەینی پێنج كۆمپانیای تەكنەلۆژی دیكەی چینی خستە لیستی كۆمپانیا قەدەغەكراوەكانەوە كە بە كرداری ڕێگریان لێدەكا لەوەی هەر پارچەیەك لە ئەمریكا بكڕن.

جێگری وەزیری بازرگانی چین لەو بارەوە رایگەیاند، چین دەخوازێت ئەمریكا بە پێی بنەماكانی بازاڕی ئازاد و ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی ڕەفتار بكا و ئەو سزا نەشیاوانە لەسەر چین هەڵوەشێنێتەوە و كۆمپانیاكان لە لیستی ڕەش لابدات. وتیشی كە كرداورێكی لەم شێوەیە لە بەرژەوەندی هەردوو لا دایە.

ئەم سزا تازانەی ئەمریكا دوای ئەوە دێن كە پێشتر ئەمریكا كۆمپانیای زەبەلاحی چینی، هواوی، خستبووە لیستی ڕەشەوە، هەروەها دوای ئەوەش دێن كە سێشەممەی ڕابردوو هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و شی سەرۆكی چین لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا باسیان لە پلانی دیدارەكانیان لە لووتكەی G-20 دا كرد.

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە نرخی پشكەكان لە بۆرسەكانی ئەمریكا و چیندا بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی بەو هیوایەی دوو ئابووریە زەبەلاحەكەی جیهان بگەنە ڕێككەوتن لەسەر ئەو كێبڕكێ بازرگانیەی كە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بەردەوامە و بازاڕی پشكەكانی جیهانی تێكداوە و گەشەی ئابووری جیهانی خستوەتە مەترسییەوە.

جێگری وەزیری بازرگانی چین وتیشی كە گفتوگۆ لە نێوان دەستەی دانوستانكاری چین و ئەمریكا بەردەوامە بەر لە كۆبوونەوەی لووتكەی G-20  و ڕاشی گەیاند كە هەردوو وڵات پێویستە بگەنە ڕێككەوتن.

بەڵام ئاماژەی بەوە نەكرد كە ئایا هواوی بەشێك دەبێت لە هەر ڕێككەوتنێكی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریكا.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز