شارپرێس:
سبه‌ینێ پێنج شه‌ممه ئه‌و واده‌یه كۆتایدێت كه ئێران بۆ وڵاتانی ئه‌وروپای د‌یاریكردبوو، بۆئه‌وه‌ی پابه‌ندبن به ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ساڵی 2015ه‌وه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه به‌هرۆز كه‌مالۆندی، وته‌بێژی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، سبه‌ینێ پێنج شه‌ممه ئه‌و واده‌یه‌ی ئێران بۆ ئه‌وروپای د‌یاریكردبوو كۆتایدێت، وڵاته‌كه‌ی سوره له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ زیاتر له 300 كیلۆگرام، به‌وه‌ش له‌سبه‌ینێوه ئێران نزیكده‌بێته‌وه له به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی.
به‌گوێره‌ی وته‌ی كه‌مالۆندی بێت وڵاته‌كه‌ی ته‌نیا چه‌ند ڕۆژێكی كه‌می پێویسته بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم، بۆیه ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا كه‌وتونه‌ته جموجۆڵ بۆئه‌وه‌ی ڕێگری له‌و هه‌نگاوه‌ی تاران بكه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی، هه‌موو كارێك ده‌كات بۆئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت ئێران ده‌ستی به چه‌كی ئه‌تۆمی بگات.
هاوكات ئه‌مڕۆ دۆناڵد تره‌مپ هۆشدارییه‌كی دیكه‌ی دایه ئێران و وتی، جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران زۆر ناخایه‌نێت ئه‌وه‌ش به‌واتای ئه‌وه‌ی تاران ناتوانێت به‌رامبه‌ر وڵاته‌كه‌ی به‌رگه بگرێت، وتیشی:"نامه‌وێت جه‌نگ دروستببێت".
ڕ . ج