دوای 25 نەشتەرگەری ''پیاوە دارەكە''ی بەنگلادیش داوا دەكات دەستەكانی ببڕنەوە

تەندروستی

27/06/2019‌ 5291 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پیاوێكی بەنگلادیشی كە لە ئینتەرنێت بە ''پیاوی دار'' ناوی دەر كردووە بەهۆی نەخۆشییە دەگمەنەكەی پێستییەوە، ئێستا داوا دەكات كە دەستەكانی ببڕدرێنەوە وەك هەوڵێكی نائومێدانە بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكەی.

ئەبو باجندەری تەمەن ٢٨ ساڵ تا ئێستا ٢٥ نەشتەرگەری بۆ كراوە بۆ چارەسەركردنی حاڵەتە بۆ ماوەییە دەگمەنەكەی، كە پێی دەوترێت epidermodysplasia verruciformis و دەبێتە هۆی پەیدابوونی گەشەیەك كە وەك دار وایە لە هەریەك لە قاچ و دەستەكانی.

ساڵی ٢٠١٧، دكتۆرەكان پێیان وابوو كە نەخۆشییەكەیان چارەسەر كردووە پاش ئەوەی ١١ پاوەند )نزیكەی پێنج كیلۆ) لەو ماددەیان لە قاچ و دەستەكانی كردەوە، بەڵام لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا دووبارە نەخۆشییەكە سەری هەڵدایەوە. لە مانگی كانوونی دووەمدا گەڕێنرایەوە نەخۆشخانەی كۆلێژی پزیشكی دەكا، پاش ئەوەی دووبارە ماددە داریەكە چەند ئینجێك گەشەی كردبوو.

ئەبو باجندەر دەڵێت ''ناتوانم چیتر بەرگەی ئەو ئازارە بگرم. شەوانە ناتوانم بخەوم. داوام لە دكتۆرەكان كردووە كە دەستەكانم ببڕنەوە بۆ ئەوەی هەر نەبێ كەمێك لە ئازارەكەم كەم بێتەوە.'' دایكیشی پشتگیری ئەو چارەسەرە توندەی كرد و وتی كە بڕینەوەی دەستەكانی ''لانیكەم دەتوانێ ئازارەكەی نەهێڵێ و لەو دۆزەخە ڕزگاری بكات.''

یەكێك لە دكتۆرەكانی باجندەر رایگەیاند كە ئەو حەوت دكتۆرەی بەرپرسی كەیسەكەی باجندەرن داواكەی دەخەنە بەر باس، بەڵام لە كۆتاییدا بڕیار لەوە دەدەن كە باشترینە بۆ تەندروستی ئەو.

نزیكەی شەش كەس لە جیهاندا زانراوە كە بە دەست ئەو حاڵەتەوە دەناڵێنن. هەمان ئەو نەخۆشخانەیە پێشتر ساڵی ٢٠١٧ چارەسەری كچێكی كرد كە هەمان حاڵەتی هەبوو، بەڵام لە  میدیاكانی هیندستانەوە ئەوە بڵاوكرایەوە كە ئەویش لە دوای نەشتەرگەریەكەوە دۆخی بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز