په‌رله‌مانی عێراق: هێشتا نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ دەروازە سنوورییەکانه‌وه‌ بەقاچاغ ده‌برێت

عیراق

28/06/2019‌ 543 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، هێشتا لە پێنج دەروازەی سنووریی نافەرمییەوە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەقاچاخبردنی نەوتی خاو بۆ تورکیا، باس لەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان عەددادی ناڕاستی لەسەر بۆڕییەکانی نەوت داناوە.

حەنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت، "سەرەرای ئەوەی لیژنەکەمان چەند جارێک داوای داخستنی کردوون، بەڵام هیشتا پێنج دەروازەی سنووری نافەرمی لەهەرێمی کوردستان کار دەکەن ".

قەدۆ باس لەوەش دەکات، لەو دەروازە نافەرمیانەوە نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان بەقاچاخ دەبرێت بۆ تورکیا و ژمارەیەک وڵاتی تر.

قەدۆ دەشڵێت، "حکوومەتی هەرێم وەڵامی ئەو داواکاریانە ناداتەوە کە بۆ داخستنی ئەو دەرواز نافەرمیانە کراون و رێگەش بە حکوومەتی ناوەندی نادات دەسەڵاتی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت".

لەبەشێکی دیكه‌ی وته‌كانیدا ئه‌ندامه‌كه‌ی په‌رله‌ملانی عێراق رایگه‌یاندووه‌، "هەرێم رازی نییە بچێتە ژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیای نیشتیمانی سۆمۆ و سەرپەرشتیکردنی کێڵگە نەوتییەکانی ناوخۆی هەرێم، کە هۆکاری ئەو رەتکردنەوەیە بەهۆی بوونی دەروازەگەلێکی زۆری بەقاچاخبردنی برێکی زۆری نەوتە بۆ دەرەوەی هەرێم بێ ئاگاداری بەغدا.

هەفتەی رابردووش هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەوەی برێکی زۆری نەوت لەڕێگای بەندەری جەیهانی تورکییەوە هەناردەی دەرەوە دەکات بێئەوەی بەغدا ئاگاداری ئەوە بێت بڕی ئەو نەوتە چەندە کە هەناردە دەکرێت.

پیشتریش تاڤگە ئەحمەد، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوە کردبوو کە هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم رۆژانە ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگای دەروازەی نافەرمییەوە هەناردەی تورکیا و رووسیا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەن.

بەپەلە