بەسەربردنی كات لەسروشتدا هۆكارێكی گرنگی تەندروستی و خۆشگوزەرانییە

تەندروستی

30/06/2019‌ 403 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بە گوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی تازە، بەسەربردنی لانیكەم دوو كاژێر لە سروشدا لە هەفتەیەكدا مەرجێكی گرنگی مانەوەیە بە تەندروستی

بەگوێری لێكۆڵینەوەیەكی تازەی زانكۆی ئێكسیتەر، ئەو كەسانەی لانیكەم ١٢٠ خولەك لە هەفتەیەكدا لە سروشتدا بەسەر دەبەن ئەگەری تەندروستی جەستەیی و دەروونیان زۆر زیاترە لە وانەی كە لە هەمان ماوەدا سەردانی سروشت ناكەن یان كەمتر لە ١٢٠ خولەكە لە سروشتدا بەسەر دەبەن.

لێكۆڵینەوەكە لەسەر ٢٠٠٠٠ كەسی ئینگلتەرە كراوە و ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە گرنگ نییە ئەو دوو كاژێرە لە یەك سەرداندا بەسەر دەبرێت یان چەند سەردانێكی كورت. هەروەها باس لەوە دەكات كە ئەمە بۆ ژنان و پیاوان، پیر و گەنج، بۆ هەموو چین و توێژەكان و هەژار و دەوڵەمەندان تەنانەت بۆ ئەوانەش كە بە دەست نەخۆشی درێژخایەنەوە گیرۆدەن، ڕاستە.

بەڕیوەبەری لێكۆڵینەوەكە وتی ''ئاشكرایە بەسەربردنی كات لە سروشتدا گرنگی زۆری بۆ تەندروستی و دەرووندروستی مرۆڤ هەیە، بەڵام تا بەر لەم لێكۆڵینەوەیە نەماندەزانی كە پێویستە چەند كات لە سروشتدا بەسەر ببرێت. بەشێكی زۆری ئەوانەی لە لێكۆڵینەوەكەدا بەشدار بوون تەنیا سەردانی ئەو شوێنانەیان كردووە كە كەمتر لە دوو میل لە ماڵی خۆیانەوە دوور بووە و تەنانەت سەردانكردنی شوێنە سەوزەكانی ناو شار شتێكی زۆر باشە. دوو سەعات لە هەفتەیەكدا بۆ زۆربەی خەڵكی كارێكی سەخت نییە، بە تایبەت گەر ئەوە بزانین كە دەتوانین ئەم دوو كاژێرە لە چەند كاتێكی جیاوازدا بەسەر ببرێت.''

یەكێكی دی لە توێژەوانی لێكۆڵینەوەكە ئاماژەی بەوەدا كە كۆمەڵێ هۆكاری زۆر وادەكەن كات بەسەر بردن لە سروشتدا ئەوەندە بە سوود بێت لەوانە كەمی پیسبوونی ژینگە، كەمبوونەوەی فشاری دەرونی و چێژبینین لەوەی لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەكەتدایت. وتیشی كە ئەم دۆزینەوە تازەیە هاوكارێكی باشی دكتۆرەكان دەكات بەوەی كە ڕێنمایی نەخۆشەكان بكەن بۆ دەروون و جەستەیەكی درووستر كات لە سروشتدا بەسەر ببەن.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز