ناوەڕۆكی رێكەوتنێكی نوێی نەوتی لەنێوان بەغداو هەولێر

کوردستان

30/06/2019‌ 8272 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی نەوت‌و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەندەكانی ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی نەوتەوە ئاشكرادەكات.

هەیبەت حەلبووسی ئەندامی لیژنەی وزە لەلێدوانێكدا دەڵێت: هەفتەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و چاوی كەوت بەمحەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ، لەو دانیشتنەدا من ئامادە بووم ، تێیدا گفتوگۆ لەبارەی كۆمەڵێك دۆسییەوە كرا ، ئەوەی تێبینیمان كرد ئەوە بوو، كە سەرۆكی هەرێم زۆر جددی بوو لە چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

حەلبووسی دەشڵێت: رێكەوتن كرا بەوەی لیژنەیەك لە ئەنجوومەنی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەران پێكبهێنرێت و سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە ، تێیدا سەرجەم بابەتەكان بخرێنە سەر میزی گفتوگۆ و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە ، لەبەر ئەوەی مانەوەی ڕەوشەكە بەو جۆرە نەلەبەرەژەوەندی هەرێمی كوردستانە نە لەبەرژەوەندی حكومەتی ناوەندیشە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لەرێگای كۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕ بكات ، لەبەرانبەردا بەغدا شایستە داراییەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت.

ئەو پەرلەمانتارە روونیشیكردووەتەوە، كە لیژنەیەكی وەزاری لە هەرێمی كوردستانەوە دێنە وەزارەتی نەوتی بەغدا بۆ باسكردنی ئەو بابەتە و لیژنەیەكیش لە لیژنەی وزە و نەوتی عیراقی دەچنە پەرلەمانی كوردستان بۆ باسكردنی ئەو دۆسیەیە و دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆی.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی