لەبودجەی ساڵی ٢٠٢٠ خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا نابێت

عیراق

30/06/2019‌ 3615 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بڕگەی پابەندبوونی حكومەتی ناوەندی بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا نابێت.

حەنین قەدۆ ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكیدا دەڵێت: پابەند نەبوونی هەرێم بەجێبەجێكردنی بەرپرسیارێتییەكانی خۆی بەگوێرەی یاسای بودجە ، ئەنجوومەنی نوێنەران ناچار دەكات سەرجەم ئەو زێدەمافییانەی لەبودجەی ٢٠١٩ بە هەرێم درابوون لاببرێن "، دەشڵێت لیژنەی دارایی لەئێستادا لێكۆڵینەوە بۆ هەڵگرتنی بڕگەی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران لەچوارچێوەی  پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن بەغداوە دەكات.

لای خۆیشییەوە هەفتەی رابردوو ریاز محەمەد پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون جەختیكردەوە، ئەگەر هات و  هەرێم هەر ئامادە نەبوو نەوتی خاوی خۆی رادەستی بەغدا بكات ، ئەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری عێراق پابەندە بەوەی چیتر ئەو چەند مانگەی ئەمساڵ ماوە موچەی فەرمانبەران خەرج نەكات ، ئەگەر نا بەهۆی جێبەجێنەكردنی یاسا بەرانبەر بە هەرێم رووبەرووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.

پێشتریش هاوپەیمانی فەتح، فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی بەغدای تۆمەتبار كرد بەوەی ئەو  لەپشت وروژاندنی بابەتی گێرانەوەی پێشمەرگە و كێشانەوەی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵییە لە پارێزگای كەركووك ، تا ببێتە گوشارێك لەسەر حكوومەتی ناوەندی بۆ دەستبەرداربوون لە داواكارییە نەوتییەكانیان  لە هەرێم.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی