فرۆشتنی تابلۆی ژمارە 1ی ئۆتۆمبیلی پارێزگای هەڵەبجە كاردانەوە دروست دەكات

عیراق

01/07/2019‌ 1908 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئاشكرایكرد، كە هاووڵاتییەك ئامادەیی دەربڕیوە، كە تابلۆی ژمارە (١)ی ئۆتۆمبیلی پارێزگاكە بە زیاتر لەیەك ملیار دینار بكرێت، كە ئەوە كاردانەوەی دروست كردووە.

عەمید حەسەن عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دوای ئەوە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشیوەیەكی فەرمی نرخی تابلۆی ئۆتۆمبیلەكانی پاریزگاكەی دیاریكرد، نرخی تابلۆی ژمارە (١) بە یەك ملیار دینار دیاریكرا ، هاووڵاتییەكی عەرەبی عێراقی ئامادەیی دەربڕیوە ئەو ژمارەیە بە یەك ملیار و ١٠٠ ملیۆن دینار بكرێت.

ئەو راشیگەیاند، بەپێی یاسا هەر هاووڵاتییەك ئەگەر هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی بێت كورد بێت یان عەرەب، مافی ئەوەی هەیە تابلۆی ئۆتۆمبیلی پارێزگای هەڵبجە بكڕێت، بۆیە هیچ رێگرییەكی یاسایی نییە بەوەی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە ئەو ژمارەیە بكرێت.

هەروەها باس لەوەش دەكات ، كە ئەو هاووڵاتییە ئامادەیی ئەوەی دەربڕیوە، كە ئەگەر كەسێكی تر هەبێت ڕكابەرایەتی بكات لەكڕینی ئەو ژمارەیە بە دانی ئەو برە پارەیە ، ئەوە ئەو ئامادەیە برێكی زیاتر بدات لەپێناو دەستكەوتنی تابلۆی ئۆتۆمبیلی ژمارە یەكی پارێزگای هەڵەبجە.

بەڕیوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە لەنزیكترین كاتدا دەست دەكەن بە فرۆشتنی تابلۆكانی هەڵگری ناوی پارێزگای هەڵەبجە بەپێی یاسا و ڕێسا تایبەتانەی لەلایەن هەردوو وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمەوە دەرچوون ، دەشڵێت داهاتی فرۆشتنی ئەو تابلۆیانە بۆ خزمەتی هەڵەبجە خەرج دەكرێت .

كاردانەوەی فرۆشتنی تابلۆكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كەسێك بەناوی هۆشیار بیاوێڵەیی، كە ساڵانێكە بێ‌ بەرانبەر كاری هەڵگرتنەوەی مین لەناوچەكانی هەڵەبجەو هەورامان‌و تەنانەت ناوچەكانی تریش دروست دەكات، ئۆتۆمبیلەكەی ژمارە یەكی پارێزگای هەڵەبجەی لێداوەو داوا دەكرێت ئەو ژمارەیە بدرێت بەو.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی