بۆچی لەدەوام دواكەوتی؟ وەڵامەكەی ٧ ساڵ زیندانی بەدواوە بوو

هەمەڕەنگ

02/07/2019‌ 581 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەسێكی ئەمەریكی لە ویلایەتی نیوهامشیر  بۆئەوەی پاساو بۆ دواكەوتنی لەدەوام بهێنێتەوە چیرۆكێكی خەیاڵی لەسەر پۆلیس دروست دەكات ، بەوەش ئێستا ڕووبەڕووی تۆمەتی راستەقینە لەسەر ساختەكاری بووەتەوە.

رۆژنامەی "كالیدۆنیان ڕیكۆرد" باسی لەوە كردووە، كە پۆڵ نیڵسۆنی تەمەن ٥١ ساڵ، كە خەڵكی شاری لیسبۆنە ، هەفتەی رابردوو لەسەر ساختەكاری تۆمەتبار كرا ، ئەو سزایەی چاوەرێی دەكات رەنگە بگاتە ٧ ساڵ زیندانیكردن .

پۆلیس دەڵێت: پۆڵ خاوەن كارەكەی ئاگاداركردووەتەوە، بۆیە لە ١١ی مارس لە كارەكەی، كە كۆمپانیایەكی بیناسازییە دواكەوتووە لەبەرئەوەی پۆلیسێكی شاری لیسبۆن لەسەر كۆتاییهاتنی ماوەی تۆماركردنی ئۆتۆمبیلەكەی هۆشداریپێداوە.

كاتێكیش خاوەنكارەكەی گومانی لە گێڕانەكەی دەكات ، نیڵسۆن بەناوی ئەفسەری پۆلیسەكەوە نامەیەك ئامادە دەكات لەگەڵ وردەكاری رووداوەكە و دەیداتە خاوەنكارەكە .

دواتر خاوەنكارەكەی پەیوەندی بەو پۆلیسەوە دەكات، بەڵام ئەو دەڵێت: ئەو لەو رۆژەدا نیڵسۆنی نەبینیوە و هیچ نامایەكیشی بۆ نەنووسیوە، بەوەش تۆمەتباركراوە بەساختەكاری.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی