بەشیر حەداد: مەترسی بڕینی بودجەی هەرێم لە 2019دا نییە

عیراق

02/07/2019‌ 457 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەپشكی كورد، دەڵێت: مەترسی بڕینی بودجەی هەرێم لە 2019دا نییە، بەڵام بۆ 2020 ناتوانین گەرەنتی بدەین چۆن دەبێت.

قسەكانی بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە باسی لەچەند تەوەرێك سەبارەت بە پرسە جیاوازەكان لەعێراق، هەروەها پرسی هەرێمی كوردستانی كردووە.

دەقی وتووێژەكە:
"لەسەر بۆردومانەكان عیراق نامەیەك ئاڕاستەی توركیا دەكات "
لەسەرەتای وتووێژەكەدا د.بەشیر حەداد باسی لە هەڵوێستی پەرلەمانی عیراق كرد لەسەر بۆردومانەكانی توركیا لەناو خاكی عیراق و وتی" ئەم پێشێلكارییانەی لە هەندێك لە وڵاتانی دراوسێی عیراقەوە دەكرێت لەدەرەوەی یاسا نێودەوڵەتیەكان و دەستوری عیراق و پاراستنی سەروەری خاكی عیراقە، چونكە عیراق وڵاتێكی سەربەخۆیە و سەروەری خۆی هەیە ناكرێت سەروەری پێشێل بكرێت ئەمە قبوڵ ناكرێت، بەڵام لەهەمانكاتدا داوادەكەین ئەم بزوتنەوە بەرهەڵستكارانەی لەناو خاكی عیراقدا هەن لەدژی وڵاتانی دراوسێ، ئۆپراسیۆن دژی وڵاتانی دراوسێ ئەنجام دەدەن دەستبەجێ ڕایبگرن، چونكە ڕێگە نادەین لەخاكی عیراقەوە پێشێلكاری و دەستدرێژی بكرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ چ لەكێشەی نێوان ئەمریكا و ئێران بێت یا كێشەی ئەو بزوتنەوە بەرهەڵستكارانەی لەناو عیراقدا هەن دژ بەوڵاتانی دراوسێ."

وتیشی" پەرلەمانی عیراق هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە كە ئەمە قبوڵ ناكرێت وە بۆ ئەو مەبەستەش نامەیەك لەلایەن حكومەتی عیراقیەوە دراوەتە لایەنی توركی، بۆ ئەوەی ئەو بۆردومانانە ڕابگرێت بۆ ئەوەی هەم پێشێلكاری سەروەری عیراق ڕابگرێت وەهەم ئەوە بە ئامانج گرتنی هاوڵاتیانی سڤیلە لەو ناوچانە."

"مەترسی بڕینی بودجەی هەرێم لە 2019دا نیە، بەڵام بۆ 2020ناتوانین گەرەنتی بدەین، ئێستاش حكومەتی عیراق هەموو بودجەی هەرێم نانێرێت "
سەبارەت بە قسەی ئەو پەرلەمانتارانەی عیراق كە حكومەتی هەرێم پابەند نیە بە ڕادەستكردنی نەوت بە بەغداد؟ وە دەنگۆی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەیە جارێكی تر؟

د.بەشیر حەداد دەڵێت" وەك دەزانرێت ئێستا شاندەكان لەنێوان هەولێر و بەغداد لە هاتوچۆدان بۆ گفتوگۆ، وە مەسەلەی بودجە بۆ ئەم ساڵی 2019یە كەچەند مانگێكی ماوە مەترسی بڕینی نیە چونكە ئەوە لەیاسای بودجەدا چەسپێنراوە، بەڵام ناتوانین بۆ ساڵی 2020 گەرەنتی بدەین چۆن دەبێت؟ كە ئەم بڕە پارەیە دەمێنێ كەمتر یا زیاتر؟ چونكە ئەوە پەیوەندی هەیە بە بەرەوپێشچونی ئەو گفتوگۆیانە ئێستا لەنێوان بەغداد و هەولێر هەیە وە ئەو ڕێككەوتنانەی كە چاوەڕوان دەكرێت ئەنجام بدرێت لەنێوان هەردوولادا، حكومەتی هەرێم پابەندی خۆی دەربڕیووە بەڕادەستكردنی ئەو بڕە نەوتە، بەڵام خۆ ئەگەر ڕادەستیش نەكرا ئەمە لەیاسای بودجەدا چارەسەركراوە كە لەحاڵەتێك ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو ئەوا پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە لەبودجەی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت و ئەوەی مایەوە دەیدرێتێ،ئێستاش هەروا دەكرێت واتە حكومەتی عیراقی هەموو بودجەی هەرێمی نەناردووە بەڵكو پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی لێ بڕیووە، ئەمەش دوبارە لەیاسا جێگەی بۆتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە داوا دەكەین هەرێمی كوردستان ئەم بڕە نەوتە ڕادەستی بەغداد بكات تا بۆ ساڵی 2020 ئەم كێشانە چارەسەر بكات."

"ئەگەر تۆماركردنی سكاڵا هەبێت كاری حكومەتی عیراقە نەك پەرلەمانتار، نازانرێت مەبەستیان چیە؟ "
دەربارەی تۆماركردنی سكاڵا لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكی كورد لەبەغداد لەسەر حكومەتی هەرێم؟

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند" ئەمە كاری حكومەتی عیراقە، ئەگەر حكومەتی عیراق گلەیی لە حكومەتی هەرێم هەبێت ئەو دەتوانێت سكاڵا لەسەر هەرێم تۆمار بكات، بەڵام ئێستا حكومەتی عیراق خۆی دەڵێت، لەدانوستانداین، وە حكومەتی هەرێمیش ئامادەیی خۆی پیشان داوە بۆ ئەوەی نەوت ڕادەست بكات، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم و بەغداد هەردولایان باش دەزانن كە كێشەی نێوانیان بەتەنها نەوت و بودجە نیە كێشەكە لەوە گەورەترە، دۆسێیەكی ئابوری گەورە لەنێوانیان هەیە كە بۆ چەند ساڵی ئایندە دەگەڕێتەوە، لەساڵانی 2014,2015,2016, بەغداد بودجەی هەرێمی نەداوە ئەمە قەرزە لەسەر بەغداد ، وە كرێی دەرهێنانی نەوت هی كۆمپانیاكان لەهەرێم ئەمەش قەرزە بەسەر بەغدادەوە ئەوەشی نەداوە بۆیە بابەتی ئابوری هەموو بەیەك پاكێج لەگەڵ بەغداد پێویستە چارەسەر بكرێت، دواجار ئەگەر بەغداد قەرزار بوو بەشی خۆی بدات، ئەگەر هەرێم-یش قەرزار بوو ئەویش بەشی خۆی بداتەوە."

د.بەشیر حەداد ئەوەشی وت" من نازانم مەبەستی ئەو پەرلەمانتارانە چیە؟ ئایا مەبەستەكە ئەوەیە كە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد تێكبدەن؟ یا دەیانەوێت پەرلەمانتارانی غەیرە كوردیش هانبدێن دژی هەرێم؟ یاخود مەبەستێكی دڵسۆزانەیە دەیانەوێت بزانن كە ئەو بودجەیە لەهەرێم چی لێدێت؟ ئەمانە دەكرا بچن لەگەڵ حكومەتی هەرێم قسە بكەن، نەك بێن لەبەغداد سكاڵا تۆمار بكەن كە پارەی حكومەتی هەرێم چی لێدێت؟ خۆ لەهەرێمی كوردستان پەرلەمان هەیە ئەمەكاری ئەو پەرلەمانەیە كە لەحكومەتی هەرێم بپرسێت ئەو بەشە بودجەیەی لەبەغداد بۆت هاتووە چیت لێكردووە؟ "

"حكومەتی عیراقی بەناوی موچە، بودجە ناداتە هەرێم ئەمە بەشی بودجەی هەرێمی كوردستانە، جا هەرێم بۆ موچە یا بۆ شتی تری بەكاردەهێنێت ئەوە بۆ خۆی دەزانێت چی لێدەكات "
پێشتر لە وتووێژێكی ژیار محەمەد لەگەڵ ئەحمەدی حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری عیراق، ڕایگەیاند" لای بەرپرسانی حكومەتی عیراقی بۆتە "یەقین" كە پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هی دوو مانگیان دیار نەماوە."

بەڵام د.بەشیر حەداد دەڵێت" ئەسڵەن" لەحكومەتی عیراق ئەم باسە هەر نیە و نەشكراوە، چونكە حكومەتی عیراقی ئەم بڕە پارەیە بەناوی موچە ناداتە هەرێم ئەمە بەشی بودجەی هەرێمی كوردستانە، جا هەرێمی كوردستان بۆ موچە یا بۆ شتی تری بەكاردەهێنێت ئەوە بۆ خۆی دەزانێت چی لێدەكات؟ ئەمە كاری حكومەتی عیراق نیە، بەڵكو كاری پەرلەمانی كوردستانە بەدواداچوون بكات."