لە هەوڵى رازیکردنى بەغدا دایە.. هەرێم دەیەوێت رادەستکردنى نەوت لە ٢٥٠ هەزار بەرمیلەوە بکات بە ١٥٠ هەزار بەرمیل

عیراق

02/07/2019‌ 2961 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق ئاشکراى دەکات، حکومەتى هەرێمى کوردستان لە هەوڵى رازیکردنى حکومەتى ناوەندیدایە بۆ ئەوەى رادەستکردنى نەوت لە ٢٥٠ هەزار بەرمیلەوە بکات بە ١٥٠ هەزار بەرمیل رۆژانە.

 

رێبوار کەریم پەرلەمانتارى کورد لە پەرلەمانى عێراق لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە، ماوەیەکە لەنێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆیەکی هێمن و بێدەنگ بەڕێوەدەچێت. ئامانج لێی رازیبونی هەرێمە بە تەسلیمکردنی بڕێک نەوت بە بەغداو فرۆشتنی لەڕێی سۆمۆوە.

 

ئاماژەى بەوەشکردوە جیاوازی بیرکردنەوە لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دوو پرسە کە یەکێکیان ئەو بڕە نەوتەی کە هەرێم دەبێ بیدات بە بەغدا چەند بێت، دووەمیشیان لە چ کاتێکەوە رادەستکردنى ئەو بڕە نەوتە ئەژمار بکرێت؟.

 

ئەو پەرلەمانتارە روونیکردوەتەوە،هەرچەندە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی (۲٠۱۹) بڕی (۲٥٠٠٠٠) هەزار بەرمیلی رۆژانەی دیاریکردوە، بەڵام ئێستا هەرێم لەهەوڵدایە ئەو رێژەیە کەمبکاتەوە بۆ (۱٥٠٠٠٠) هەزار بەرمیلی رۆژانە یان کەمتر.

رێبوار کەریم دەشڵێت، رێگای یەکەم ئەوەیە ئایا بەپێی یاسای بودجە لە سەرەتای (۲٠۱۹)وەو بە (اثر رجعي) حساب بکرێت؟ لەم حاڵەتەدا پێویستە هەرێم قەرەبوی ئەو بڕە نەوتە بکاتەوە کە پێویستە لەکۆی مانگەکانی پێشوی ساڵی (۲٠۱۹) بینێرێت. ئەوەش بۆ هەرێم زەحمەتە. 


بەوتەى خۆشى رێگای دووەم ئەوەیە لەوکاتەی کە رێککەوتن ئەکرێت بڕەنەوتی دیاریکراو بنێرێت. ئەمەیان ئاسانترەو فشاری کوتلە سیاسییەکان لەسەر حکومەتی عیراق کەمدەکاتەوە، هاوکات رێگای سێیەمیش ئەوەیە لە ساڵی تازەی (۲٠۲٠)و بەپێی رێکەوتنێکی نوێ بڕێك نەوت تەسلیمی بەغدا بکات. ئەمەیان لەسادەترین مانادا بریتیەلە بێبەشبونی هەرێم لە بودجەی خۆی بۆ ساڵی (۲٠۱۹) جگەلە موچە.

 

پەرلەمانتارەکەى کورد لە پەرلەمانى عێراق راشگەیاندوە"ئەگەر هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر هەر یەكێک لەو رێگایانە بۆ چارەسەری دۆسیەی نەوت رێکبکەوێت، مافی ئەوەی نیە هیچ منەتێک بەسەر خەڵکی هەرێمدا بکات. چونکە لانی کەم دوو ئەوەندەی داهاتی ئەو بڕەنەوتەی دەیەوێت تەسلیمی بکات هێشتا بەدەستی هەرێمەوە دەمێنێت و لەگەڵ داهاتی گومرکەکان و ناوخۆ دەتوانێ داهاتێکی باشی پێدابین بکات بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری. بەڵام نابێ دۆسیەی نەوت و دۆسیەی داهاتی ناوخۆ لەوە زیاتر بە ناشەفافی بمێنێتەوە".

س.هـ