بەهۆی شەپۆلێكی سەرماوە هەرێمێكی مەكسیك بە مەتر و نیوێك بەفر دادەپۆشرێت

جیهان

03/07/2019‌ 560 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پاش شەپۆلێكی توندی تەرزەبارین‌و سەرماو سۆڵە، شەش ناوچەی دەوروبەری شاری گوادالاخارای مەكسیك بە بەفرێكی ئەستوور دادەپۆشرێن.

لە هەندێك ناوچە ئەستووری بەفرەكە گەیشتووەتە مەتر و نیوێك و تا ئاستێكی زۆر ئۆتۆمبێلەكانی داپۆشیوە.

ئامێرەكانی پاكردنەوەی بەفر لە شەقامەكانی شاری گوادالاخارادا بڵاوەیان پێكراوە، كە شارێكە پێنج ملیۆن دانیشتوانەكەیەتی و دەكەوێتە باكووری شاری مەكسیكۆسیتی پایتەخت.

بەرپرسانی ناوخۆیی ڕایانگەیاند، بەهۆی ئەم تۆفانەوە لافاو ڕوویداوە و بەشێك لە درەختەكانیش كەوتوون، بەڵام تا ئیستا پێناچێ كەس بریندار بووبێ.

بەر لە تۆفانەكە پلەی گەرمی شارەكە ٣٠ پلەی سەدی بووە. پێشتریش چەند جارێك تۆفانی تەرزە روویداوە، بەڵام بەو بەهێزیە نا.

بەرپرسان  راشیگەیاند، بەهۆی تۆفانەكەوە ٢٠٠ خانوو وێران بوون و دەیان ئۆتۆمبێلیش خراپ بوون.

حاكمی ویلایەتەكەش ڕووداوەكەی بە باوەڕپێنەكراو ناو برد و وتی ''لە خۆمان دەپرسین كا ئایا گۆڕانی كەشوهەوا ڕاستییە! ڕووداوی سروشتی لەو شێوەیە هەرگیز ڕووی نەداوە.''
 
وەرگێڕان: هێمن عەزیز