لەماوەی ١٥ ساڵی ئایندەدا 5G بە ٩٠٠ ملیار دۆلار بەشداری ئابووری ئاسیا دەكات

جیهان

03/07/2019‌ 699 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بە گوێرەی ڕاپۆرتی سیستمی جیهانی بۆ هاوپەیمانی پەیوەندییەكانی مۆبایل، لە ماوەی ١٥ ساڵی ئایندەدا سیستەمی 5G  بەداهاتی ٩٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریكی بەشداری لە ئابووری ئاسیادا دەكات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە لە ئێستادا كۆمپانیا زەبەلاحەكانی مۆبایل لە ئاسیادا سێ یەكی وەبەرهێنانەكانیان، كە دەكاتە ٣٧٠ ملیار دۆلار، لە دروستكردنی سیستەمی 5G دا خەرج دەكەن.

هەر چەندە تا ئێستاش سیستەمی 4G لە ئاسیادا گەشەی پێدەدرێ، بەڵام كۆمپانیا زەبەلاحەكان لە هەوڵی دروستكردنی تۆڕەكانی 5G دان كە لە هەموو ڕوویەكەوە لە سیستەمەكەی پێشتر پێشكەوتووترە.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە تا ساڵی ٢٠٢٥، ١٨٪ـی پەیوەندیەكانی مۆبایل لەسەر سیستەمی 5G كار دەكەن، لە هەمان كاتدا سیستەمی 4G دوو لەسەر سێی پەیوەندەییەكانی مۆبایل كار پێ دەكات، لە كاتێكدا لە ئێستادا ٥٢٪ ی پەیوەندییەكان لەسەر ئەو سیستەمەن.
 
لە وەبەرهێنان لە سیستەمی 5G دا، چین ڕیزی پیشەوەی گرتووە، كە پێشبینی دەكرێت تا ساڵی ٢٠٢٥، بڕی ١٨٤ ملیار دۆلار لەو بوارەدا خەرج بكات.

لە ئێستادا چین سیستەمی 5G لە شارە گەورەكاندا تاقی دەكاتەوە و پێشبینی دەكرێت تا ٢٠٢٥، ٢٨٪ـی پەیوەندییەكانی مۆبایل لە چین بەو سیستەمە كار بكەن، كە ئەمەش دەگاتە یەك لەسەر سێی هەموو پەیوەندییەكانی 5G لە جیهاندا.

گەشەی تەكنەلۆجیای مۆبایل ئابووری وڵاتانی هەرێمەكە بە ڕێژەیەكی بەرچاو گەشە پێدەدات. پێشبینی دەكرێت تا ساڵی ٢٠٢٣ داهاتی تەكنەلۆجیای مۆبایل بگاتە ١،٩ ترلیۆن دۆلار لە ناوچەكانی ئاسیا-زەریای هێمن، لە كاتێكدا ساڵی ٢٠١٨ ئەو داهاتە ١.٦ ترلیۆن بووە كە ٥٪ـی داهاتی ئابووری هەموو ناوچەكە بووە.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز