وێستگەیەكی شەمەندەفەر لەژاپۆن بەدەوری دەرختێكی ٧٠٠ ساڵەدا دروست كراوە

جیهان

04/07/2019‌ 612 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زۆر دەبیستین، كە ڕەگەزە سروشتییەكان لە پێناو جێكردنەوەی پڕۆژە دەستكردەكانی مرۆڤ لا دەبرێن. 

خۆشبەختانە ئەم چیرۆكە لە ژاپۆن پێچەوانەی ئەوەیە، كە لە باكوری ئۆساكا، وێستگەیەكی شەمەندەفەری كۆن بە دەوری درەختێكی پیردا دروستكراوە و درەختەكە نەبڕدراوەتەوە.

مێژووی دروستكردنی وێستگەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٠، لە كاتێكدا تەمەنی درەختەكە نزیكەی ٧٠٠ ساڵە.

لە كاتی دروستكردنی وێستگەكەدا درەختەكە ڕێك كەوتبووە لای ڕاستییەوە. بەڵام زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و قەرەباڵغبوونی وێستگەكە وای كرد لە ساڵانی ١٩٧٠ دا وێستگەكە پێویستی بە فراوانكردن هەبێ و بۆ ئەمەش درەختەكە ڕێگر بوو. سەرەتا بڕیار وابوو دارەكە ببڕدرێتەوە، بەڵام ئەمە بووە تووڕەبوونی خەڵكی ناوچەكە. 

لەبەر ئەوەی ئەم درەختە لە مێژە مەزارێكی ئاینییە و خەڵكی ناوچەكە پێیان وایە پەیوەندی بە خواوەندەكانەوە هەیە، بۆیە بە توندی پارێزگاریان لێكردووە. بڕیاری لابردنی تووڕەبوونێكی زۆری لێكەوتەوە و چەندان چیرۆك بڵاو بووەوە گوایە ئەوانەی وێراون دەست بكەنە ئەو دارە پیرۆزە تووشی ئازار و زیان بوون. بۆ نموونە ئەوە بڵاوبووەوە كە كەسێك لەبەر ئەوەی یەك لە لقەكانی بڕیوە، هەر ئەو ڕۆژە زۆر بە سەختی نەخۆش كەوتووە، یان دەوترا مارێكی سپی زەبەلاح پارێزگاری لە دارەكە دەكات و تەنانەت دەوترا كە دوكەڵ لە دارەكە هاتووەتە دەرەوە.

هەموو ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی كە بەرپرسان بڕیار بدەن كە دارەكە نەبڕنەوە و بەشێك بێت لە پڕۆژەكە. دوای تەواوبوونیشی لە ساڵی ١٩٨٠، بەشێك لە دانیشوان مەزارەكەیان گەورەتر كرد.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز