شارپرێس:
ئەو كەسانەی حەز دەكەن كێشیان دابەزێنن گەلێك رێگا دەگرنەبەر وەك وازهێنان لەخواردنی هەندێك جۆری خواردن یان راهێنان و وەرزشی تایبەت بۆ دابەزاندنی كێش .
جگە لە پارێزی تەندرووست و ڕاهێنانە وەرزشییەكان ، ڕێگای تریش تاقیكراوەتەوە، كە كاریگەری باشی هەیە لە خێراكردنی پرۆسەی دابەزاندنی كێشی جەستە ، لەوانەش رۆژانە خواردنەوەی چای سەوز .
چەندین سەدەیە چای سەوز بەهۆی سوودە زۆروزەوەندەكانییەوە بەشێك بووە لەسیستەمی رۆژانەی خواردن ، بەڵام سوودەكانی ئەو خواردنەوەیە بۆ دابەزاندنی كێشی جەستە زیاتر لەم دواییانە تیشكی خراوەتە سەر .
لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان ئەوەیان سەلماندووە، كە پێكهاتەی فلافۆنید و كافایین، لە چای سەوزدا هەیە پرۆسەی میتابۆلیزم ( سووتاندن) خێرا دەكات ، بەوەش ئەو چەورییەی لەناو جەستەدا هەیە خێراتر چارەسەر دەكرێت .
چای سەوز سەرەڕای ئەوەی برێكی كەم كافایینی تێدایە ، بەڵام دژە ئۆكسیدی بەهێزی هەڵگرتووە، كە پێیان دەوترێت كاتیشین و گومان دەكرێت لەگەڵ كافایین سووتانی چەوریی خێراتر دەكەن .
بەپێی یەكێك لەو لێكۆڵینەوانە ، ئەو كەسانەی رۆژانە چای سەوزیان خواردووەتەوە لەماوەی ١٢ هەفتەدا ١،٣ كیلۆ لە كێشیان دابەزیوە ، لەكاتێكدا بەردەوام بوون لەسەر ئەو سیستەمە خۆراكییەی پێشتر لەسەر دەرۆیشتن .
لەكاتێكدا شوێنەواری دابەزاندنی كێش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە ، بەڵام توێژەران سەرنجیانداوە رۆژانە خواردنەوەی دوو كووپ و نیو جای سەوز دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی چەوری ورگ .
بۆ ئەوەی خواردنەوەی چای سەوز ئەنجامی باشتری هەبێت ، ئاوی كوڵاو بۆ ماوەی ١٠ خولەك لێگەرێ تا سارد دەبێتەوە ، دواتر چا سەوزەكە ئامادە بكە .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی