جگەرە سەرەڕای سییەكان چاوەكانیش وێران دەكات

sharpress.net

134 جار خوێندراوه‌ته‌وه

05/07/2019‌

شارپرێس:
شارەزایان هۆشداری دەدەن، كە ملیۆنان خەڵكی بەهۆی جگەرە كێشانەوە چاوەكانیان دەخەنە مەترسییەوە، سەرەرای ئەوە، بەپێی ئامارێك تەنیا یەك لەسەر پێنجی جگەرەكێشان ئەوە دەزانن، كە ڕەنگە جگەرەكێشان ببێتە هۆی كوێربوون.

بەپێی لێكۆڵینەوەیەك ئەوانەی جگەرە دەكێشن مەترسی لەدەستدانی چاوەكانیان دوو ئەوەندەی ئەوانەیە، كە جگەرە ناكێشن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دووكەڵی تووتن دەشێت ببێتە هۆی چەندان نەخۆشی چاو.

چۆن جگەرە كار لە چاوەكان دەكات؟
دووكەڵی جگەرە كۆمەڵێ ماددەی كیمیایی ژەهراوی تێدایە كە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە چاوەكان. بۆ نموونە، ماددە قورسەكانی وەك قورقوشم و مس، دەشێت لە هاوێنەی چاودا كۆببنەوە – واتە ئەو بەشە ڕوونەی دەكەوێتە دەوروبەری گلێنەوە و تیشكەكان كۆدەكاتەوە – ئەمەش دەبێتە هۆی تەڵخبوونی هاوێنەی چاو و ڕەنگە لەدەستدانی چاویش.

هەروەها دەشێت جگەرەكێشان ببێتە هۆی خراپتر بوونی ئەو كێشانەی بینین كە پەیوەندییان بە شەكرەوە هەیە بەوەی كە خوێنبەرەكانی پشتی چاو وێران دەكات. 

جگە لەوە جگەرەكشان مەترسی توشبوون بە شەوكوێری سێ ئەوەندە زیاد دەكات كە بەو هۆیەوە كەسەكە ناتوانێ وردەكاری شتەكان ببینێت.

لە كۆتاییشدا ئەوانەی جگەرە دەكێشن شازدە ئەوەندەی ئەوانەی كە جگەرە ناكێشن مەترسی لە دەستدانی لەناكاوی چاویان هەیە كە بەهۆی گیرانی لەناكاوی خوێن بۆ چاو دروست دەبێت.

توێژەران دەڵێن وازهێنان لە جگەرە یەكێك لە گرنگترین ئەو هەنگاوانەیە كە كەسێك دەتوانێ بیگرێتە بەر بۆ پاراستنی چاوەكانی، ئەمەش لەپاڵ پشكنینی ناوەناوەی چاو.

بەڵام تا ئێستاش خەڵكێكی زۆر ئاگاداری ئەوە نین كە دەشێت جگەرە ئەو زیانە زۆرانەی بۆ چاو هەبێت.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز






ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved