شارپرێس:
یەكێك لەكەشتیوانە ئاسمانییەكانی سەر بە ئاژانسی "ناسا" ئاشكرایكرد، لەساڵی ١٩٧٢ و لەگەشتێكیاندا بۆ سەر مانگ زۆری نەمابوو گیان لەدەست بدات ، ئەوەش بەهۆی هەوڵدانی بۆ لاساییكردنەوەی بازدانێكی ئۆڵۆمپی .
چارلی دیوك ، كەشتیوانی گەشتی "ئەپۆلۆ ١٦" دەڵێت: لەكاتی ئەنجامدانی ئەو جوڵەیەدا كەوتووەتە سەر پشت و زۆری نەماوە جانتاكەی پشتی تێكبشكێت، كە هەموو ژیانی لەسەر ئەوە وەستاوە .
دیوك، كە ئێستا تەمەنی ٨٣ ساڵە ، چیرۆكی "ترسناكترین ساتەكانی ژیانی" لەكۆنگرەیەك، كە لە نیویۆرك رێكخرابوو گێرایەوە .
دیوك باسی لەوە كردووە، كە ئەو ساڵە یارییەكانی ئۆڵۆمپیاد هەبوو لە میونخ ، ئێمەش لای خۆمانەوە ئۆڵۆمپیادی سەر مانگمان دەكرد ، لەبەر ئەوە بازێكی گەورەم هاویشت.
لەوكاتەدا دیوك توانیویەتی ٤ پێ (١٢٢) سم لەهەوادا باز بدات بەهۆی ئەوەی هێزی كێشكردنی سەر مانگ كەمە ، بەڵام لەكاتی دابەزینەوەیدا نەیتوانیوە خۆی بگرێتەوە و كەوتووەتە سەر پشت ، بەختێكی زۆریشی هەبوو كە لەژیاندا ماوەتەوە .
ئەو كەشتیوانەی ناسا دەشڵێت: بەهۆی ئەوەی جانتاكەی پشتم لە كێشی خۆم گرانتر بوو، بۆیە بۆ دواوەی راكێشام كە لە ڕیشاڵی شووشەیی درووستكراوە و هەموو سیستەمی پاڵپشتی تایبەتی ژیانمی تێدابوو ، ئەگەر تێكشكابووایە دەستبەجێ دەمردم.
گەشتی "ئەپۆلۆ ١٦" دووەم گەشتی ناسا بوو بۆسەر مانگ، كە مرۆڤ پێی هەڵبستێ ، كە جگە لە دیوك ، هەریەك لە هاوڕێكانی جۆن یۆنگ و كین ماتینجلی لەگەڵ بوون و ماوەی سێ رۆژ لەسەر مانگ مانەوە .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی