گفتوگۆی هەولێرو بەغدا بەردەوامە
پارتی ترسی لەهەوڵەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ سزادانی هەرێم نییە

عیراق

05/07/2019‌ 1065 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیدریس شەعبان پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: هیچ هێزێك ناتوانێت سزای هەرێمی كوردستان بدات ، بەتایبەتی هێشتا گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان لەسەر دۆسیەی نەوت هەر بەردەوامن .

شەعبان لەلێدوانێكیدا بۆ پێگەی "بەغداد ئەلیەوم" دەشڵێت: باسكردن لە سزادانی هەرێمی كوردستان لەبەر ئەوەی نەوتی رادەستی بەغدا نەكردووە تەنیا قسەیە و مەبەستیش لێی تەنیا وروژاندنی بابەتەكەیە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات هێشتا گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر دۆسیەی نەوت بەردەوامە و تا ئەم ساتەش گفتوگۆكان بەبنبەست نەگەیشتوون.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا شەعبان دەڵێت: حكومەتی نوێی هەرێم بەسەرۆكایەتی مەسروور بارزانی هەوڵ دەدات سەرجەم دۆسییە هەڵواسراوەكان لەگەڵ بەغدا یەكلایی بكاتەوە، پێشیوایە باسكردن لەسزادانی هەرێمی كوردستان ئاستەنگ لەبەردەم پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر درووست دەكات ، كە بەهۆی پەیوەندی باشی عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیری عێراق لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئێستا .

پێشتر رۆژنامەیەكی سعودی ئاشكرایكردبوو ، كە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران كۆمەڵێك ڕێوشوێن بۆ سزادانی هەرێمی كوردستان دەگیرێتەبەر ، ئەوەش دوای ئەوەی گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر بابەتی نەوت بە بنبەست گەیشتووە و هەرێمی كوردستان رەتكردووەتەوە پابەندی یاسای بودجە بێت .

رۆژنامەی "عوكاز"ی سعودی لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ناو پەرلەمانی عێراقەوە گواستوویەتییەوە، پابەندنەبوونی هەرێمی كوردستان بەرادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی لە یاسای بودجە بۆی دیاریكراوەو دەستگرتن بەسەر داهاتەكانی نەوتدا مەترسیدارە و پاڵ بە بەغداوە دەنێت بیر لە سزادانی هەرێم بكاتەوە ، لەبەر ئەوەی ئەوەی ئێستا روودەدات جۆرێكە لە "چەتەگەرێتی و تەحەدداكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و یاسای بودجەی گشتی وڵات".

بەپێی سەرچاوەكان حكومەت ئەو دۆسیەیە رادەستی پەرلەمان دەكات تا ڕێوشوێنی پێویست لەدژی هەرێمی كوردستان بگرێتەبەر  بەتایبەت دوای دەرچوونی راپۆرتی لیژنەی نەوت و وزە، كە جەختیكردووەتەوە پابەند نەبوونی هەرێمی كوردستان بە رادەستكردنی ئەو برە نەوتەی بەپێی یاسای بودجە بۆی دیاریكراوە  كاریگەری لەسەر پشكی نەوتی بڕیاردراوی عێراق لە ئۆپیك هەبووە ، كە ئەوەش پێشێلكردنی ئاشكرای یاسایە.

لای خۆیشییەوە سادق سەلیتی ئەندامی لیژنەی وزە و نەوت بەرۆژنامەی عوكازی وتووە: بەپێی یاسای بودجە بڕیاردراوە هەرێمی كوردستان رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لەرێگای كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بكات و داهاتەكەرشی بۆ حكوومەتی ناوەندی بگەڕێتەوە ، بەڵام لەراستیدا هەرێم ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەشێوەی نافەرمی هەناردە دەكات.

هەروەها وتیشی: پابەند نەبوونی هەرێم كاریگەری لەسەر پشكی بڕیاردراوی عێراق لەئۆپیك هەبوو، كە بە ٤ ملیۆن بەرمیل رۆژانە دیاریكراوە ، بەڵام بەهۆی پابەند نەبوونی هەرێم ئێستا عێراق رۆژانە ٣،٥ ملیۆن بەرمیل هەناردە دەكات .

سەلیتی ئەوەشی وت: ئۆپیك هەر نەوتێك لە بەسرەوە هەناردە بكرێت یان لە هەرێمی كوردستانەوە بە نەوتی عێراقی هەژمار دەكات.
 
باسی لەوەش كردووە، وەزارەتی دارایی شایستە داراییەكانی هەرێمی خەرج كردووە بێئەوەی هەرێم ئەو نەوتەی بۆی دیاریكراوە لەڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی بكات ، جەختیش دەكات ئەو كارەی هەرێم دەیكات پێشێلكردنی یاسایە ، لەبەر ئەوەی شتێكی ناداداپەروەرانەیە نەوتی بەسرە بۆ هەموو عێراق بێت ، بەڵام هەرێم داهاتی نەوتی فرۆشراوی خۆی بخاتە سەر هەژماری تایبەتی خۆی .

عادل عەبدول مەهدی لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لەكاتی كۆنگرە رۆژنامەوانییە هەفتانەییەكەیدا ئاماژەی  بۆ ئەوە كرد كە ئەمساڵ هەرێمی كوردستان بەپێی بەندەكانی یاسای بودجە یەك بەرمیل نەوتیشی رادەستی بەغدا نەكردووە، بەڵام حكوومەتی فیدراڵی بەهیچ جۆرێك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردساتان نابڕێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی