شەڕی نێوان شازادە هەیاو حاكمی دوبەی دەچێتە دادگا

جیهان

06/07/2019‌ 1096 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەزگاكانی راگەیاندنی بەریتانی باسیان لەوە كردووە، كە هەریەك هەیا بن حوسێن و محەمەد بن راشد حاكمی دوبەی پارێزەری تایبەتمەندی بواری لێكجیابوونەوە (تەڵاق) یان گرتووە ، بەوەش شەڕی گەورەی دادگایی و پاكتاوی دارایی گەورە لەنێوانیان دەستی پێكردووە .

میدیاكان باس لەوە دەكەن، كە ئەمیرە هەیا ژنە پارێزەر بارونە شاكلتۆنی گرتووە، كە كاتی خۆی پارێزەری میر چارلز بووە بۆ جیابوونەوەی لە ئەمیرە دایانا ، بەڵام شێخ محمەد بن زاید ئال مەكتووم ژنە پارێزەر هێلین واردی كردووەتە پارێزەری خۆی ، كە كاتی خۆی پارێزەری گای ڕیتچی بووە بۆ جیابوونەوەی لە گۆرانیبێژی ناودار مادۆنا .

رۆژنامەی "تایمز" ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە شاكلتۆن پارێزەری بنەماڵەی شاهانەیی بەریتانیایە بە ناودارترین پارێزەری بواری جیابوونەوە دادەنرێت لە جیهاندا ، باسی لەوەش كردووە لەندەن ناسراوە بەوەی جێگای یەكلاییكردنەوەی كێشە خێزانییەكانی دەوڵەمەند و ناودارەكانی جیهانە .

رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە،  ئەمیرە هەیا، كە  خوشكی مەلیك عەبدوڵڵای دووەمی پاشای ئوردنە ئێستا لە لەندەن لە كۆشكێك نیشتەجێیە نرخەكەی دەگاتە ٨٥ ملیۆن جونەیهی بەریتانی و نزیكە لە كۆشكی كنزنگتۆن.

هەروەها رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، واپێدەچێت ئەمیرە هەیا چەند مانگێك بێت پلانی بۆ دەستپێكردنی ژیانێكی نوێ لە بەریتانیا داڕشتبێت ، بەهۆی لە مانگی نۆڤەمبەرەوە ئەوەی كۆمپانیای "كاند لایت سێرڤیسز"ی بۆ بواری پێشكەشكردنی پاڵپشتی و خزمەتگوزاری نووسینگەیی دامەزراندووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی