بەرەی توركمانی دژی رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی دەوەستێتەوە

عیراق

07/07/2019‌ 794 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرەی توركمانی دژبەوە دەوەستێتەوە، كە پارێزگاری نوێی كەركوك بێ گەڕانەوە بۆ پێكهاتەكانی كەركوك بە رێككەوتن لە نێوان یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكرات دیاری بكرێت.

لەو بارەوە ئەحمەد حەیدەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی بەرەی توركمانی عێراقی رایگەیاند، دەستنیشانكردنی پارێزگاری نوێی كەركوك بێ گەڕانەوە بۆ پێكهاتەكانی شارەكە دەبێتە هۆی لێكدووركەوتنەوەی كۆمەڵانی خەڵك، بەڵام بەو واتایە نایەت پارێزگارێكی نوێ بسەپێندرێت.

ئەحمەد حەیدەر بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ راشیگەیاند، باشترین چارەسەركردن بۆ كێشە سەربازی، ئەمنی، سیاسی و ئیدارییەكانی كەركوك كۆبوونەوەیە لەسەر یەك مێزی دانوستان و دەكرێت هەموو پێكهاتەكانی كەركووك پێكەوە رێكبكەون.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی بەرەی توركمانی عێراقی، بە ئاماژەدان بەوەی هەوڵی سەپاندنی ئیرادە سوودی نابێت‌و ئەوەشی راگەیاند، توركمانەكان دەیانەوێت پۆستی پارێزگا بەوان بدرێت، سەپاندنی ئیرادە پێشتر تاقیكراوەتەوە و سەركەوتوو نەبووە، لاوازی ئەمنی لە كەركووك بووە هۆی تەقینەوەكان و كێبڕكێ و لێكدووركەوتنەوەی خەڵك. پارێزگار بە گەیشتن بە رێككەوتنی توركمان، عەرەب و كورد و هەروەها كریستانەكان دیاری دەكرێت.

ماوەیەكە دەنگۆ هەیە پارتی ‌و یەكێتی گەیشتوون بەرێككەوتن بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك، ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووەو توركمانەكانی نیگەران كردووە.

هـ ـ ح