بەقاچاخبردنی نەوت لەهەرێمەوە هەڵویستێكی قورسی بۆ عێراق لەئۆپیك دروست كردووە

عیراق

08/07/2019‌ 1226 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەران باس لەوە دەكات، كە بەقاچاخبردنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە عێراقی خستووەتە بەردەم هەڵوێستێكی قورس لەبەرانبەر رێكخراوی ئۆپیك  لەبەر ئەوەی عێراق پابەندە بەهەناردەكردنی ڕێژەیەكی دیاریكراو نەوت.

ئەو ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە چارەسەركردنی دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم پەیوەستە بە كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست دژی هەرێم.

هومام تەمیمی ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لەلێدوانێكی دەڵێت: بەرادەستنەكردنی داهاتی ئەو نەوتەی هەرێم لەڕێگای بەندەری جەیهانی توركییەوە هەناردەی دەكات و بە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت مەزەندە دەكرێت ، كە ئەوە قورسایی لەسەر وڵات دروست كردووە بەتایبەت دوای ئەوەی ئۆپیك بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی كەمكردووەتەوە ، بۆیە هەر زیادە هەناردەكردنێك لەڕێگای هەرێمی كوردستانەوە دەبێت لەباشوور هەناردەكردنی نەوت كەم بكرێتەوە ، چونكە عێراق رۆژانە بڕی ٣،٦ ملیۆن بەرمیلی بۆ دیاریكراوە.

ئەو پەرلەمانتارە لەبەشێكی تری قسەكانیدا دەشڵێت: ئەو داهاتەی لەڕێگای فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە دەست دەكەوێت كەس نازانێت بۆ كوێ دەچێت، لەبەر ئەوە رێگایەكە لە ڕێگاكانی گەندەڵی ، هەر دڵۆپێك نەوتیش ئەگەر لەڕێگای سۆمۆوە هەناردە نەكرێت بە نەوتی بەقاچاخبراو هەژمار دەكرێت و دەچێتە ناو چوارچێوەی گەندەڵییەوە.

تەمیمی پێیوایە، كە بەقاچاخبردنی نەوت لەهەرێم حیزب و كەسایەتییە سیاسییە گەندەڵەكانی لەپشتەوەیە ، لەبەر ئەوەی یاسای بودجە بەروونی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە دەبێت هەرێم نەوتەكەی لەڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕ بكات ، لەبەرانبەردا بەغدا مووچە و شایستە داراییەكانی تری هەرێم خەرج دەكات ، بەڵام سەرەرای ئەوەی بەغدا بەرپرسیارێتییەكانی خۆی بەجێگەیاندووە بەڵام هەرێم هێشتا ئامادە نییە پابەندی یاسای بودجە بێت.

هەروەها باس لەوە دەكات، كە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەڕێگای بەندەری جەیهانی توركییەوە بابەتێكی زۆر ئاڵۆزە و لەپێناو كۆتاییهاتنی ئەو بێسەرەوبەرەییەی لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و ئەو برەی هەرێم هەناردەی دەكات ،پێویستی  بە دەستتێوەردانی سێ سەرۆكایەتییەكە بەشێوەیەكی تایبەت و كوتلە سیاسییەكان بەشێوەیەكی گشتی هەیە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی