پارتی هۆشداری لەجموجوڵەكانی چەكدارانی داعش لەمەخمور دەدات

عیراق

08/07/2019‌ 300 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زانیاری ھەیە چەكدارانی سەر بە داعش خەریكی خۆئامادەكردنن بۆ كردەوەی تیرۆریستی‌و بەرپرسێكی پارتیش دەڵێت: ھیچ ھەماھەنگییەك نییە بۆ لێدانی داعش، بەڵام ھەرێم و بەغدا نزیك بوونەتەوە لە ئاساییكردنەوەی ڕەوشی ناوچە كوردستانییەكان.

كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی پارتی دیموكرات لە قەرەچۆغ ‌و مەخموور، رایگەیاند "بەپێی زانیاریی ئێمە چەكدارانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور خەریكی خۆڕێكخستنەوەن، جگە لەوەی پێشتر و ئێستاش داعش بەردەوامە لەسەر زیادكردنی جووڵەكانی، بەڵام ئێستا زیاتر لە پێویست كەوتوونەتە خۆئامادەكردن و كۆكردنەوەی چەكدارەكانی، بێگومان ئەو خۆئامادەكردنەوەیەی داعش لە سنووری مەخموور بۆ كردەوەی تیرۆریستی و ھێرشكردنە، پێمان وایە دەیانەوێ لە دەرفەتێكدا دەستی خۆیان بوەشێنن".

دەربارەی ھەماھەنگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ لێدانی داعش، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆخ بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند "ھیچ ھەماھەنگییەكی ئەوتۆ لە نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا نییە، ئەگەر بێت و كێشەكانی ناوچەكە چارەسەر نەكرێن و ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخموور جێگیر نەكرێت، مەترسی لەسەر قەزای مەخموور ھەیە."

كرمانج عەبدوڵڵا باسی لەوەش كرد، ئاساییكردنەوەی ڕەوشی مەخموور بۆ پێش ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر پەیوەستە بەو لیژنەیەی لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدادا كار دەكەن و  لە ھەندێ ڕووەوە گەیشتوونەتە ڕێككەوتن، بەڵام ھێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی بۆ ئەوەی لەسەر زەوی جێبەجێ بكرێت، ئەگەر بگەینە ڕێككەوتنی كۆتایی، ئەوە بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەر دەكرێن و كۆتایی بە ڕەوشی ئاڵۆزی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دێت."

هـ ـ ح