پەرلەمانی عێراق: هەواڵی قەرزکردنی 200 ملیۆن دۆلار لەلایەن حکومەته‌وه‌ شۆکی كردین

عیراق

08/07/2019‌ 624 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی
عالییە نوسەیف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران باس لەوە دەکات، قەرزکردنی بڕی 200 ملیۆن دۆلار لەلایەن حکوومەتی عێراق بۆ چاککردنی کەرتی کارەبا جێگای سەرسوڕمانە و ئەو هەنگاوەی بە کتوپر ناوبردووە.

عالییە نوسەیف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە پەرلەمان سازی کرد رایگه‌یاند، "دەوڵەت لە ساڵە داراییەکانی پێشووتردا پشتی بە قەرزی دەرەکی دەبەست تا وایلێهات قەرزە دەرەکییەکان گەیشتنە ملیارەها دۆلار، کاتی خۆشی پێمان وابووە کە قەرز دەستی دەوڵەت کۆت و بەند دەکات و بەهۆی ئەو جۆرە داگیرکارییە هاوچەرخەوە ناتوانرێت خزمەتگوزاری تەندرووستی و پەرەوردە و ئاوەدانکردنەوە پێشکەش بکرێت ".

راشیگه‌یاند، زۆرێك لە دەوڵەتان بەهۆی ئەو جۆرە قەرزەوە مایەپووچی خۆیان راگەیاندووە و بریاری خۆیان لەدەست خۆیاندا نەماوە.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا نوسەیف وتی، "لە یاسای بودجەدا بەندێکمان داناوە وتێیدا رێگریمان کردووە لەوەی حکوومەت بتوانێت قەرزی دەرەکی بکات، بەڵام تووشی سەرسوڕمان بووین کاتێک بیستمان وەزارەتی دارایی بڕی 200 ملیۆن دۆلاری قەرز کردووە ، ناشزانین چۆن ئەو برە پارەیە لەدەرەوەی بودجە و بەپاساوی باشکردنی کەرتی کارەباوە قەرز کراوە ".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، چەند دەستیک هەیە دەیەوێت لەرێگای جیاواز و بەهۆی قەرزی دەرەکیییەوە عێراق داگیر بکات، ناشکرێت قەرزێکی زۆر بخەینە ئەستۆی نەوەکانی داهاتوو، بەجۆرێک ئەو منداڵەی لەدایک دەبێت قەرزدار بێت، بۆیە دەبێت لەبری ئەوە حکوومەت پەنا بەرێتە بەر قەرزی ناوخۆیی.

بەپەلە