پێشمەرگە و سوپاى عێراق بۆ گێڕانەوەى سەقامگیرى بۆ ناوچە جێناكۆكه‌كان كۆبوونه‌وه‌

عیراق

08/07/2019‌ 584 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە سنوورى کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین رۆژی یەکشەممە لە یەک کاتدا کۆبوونەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکان کارى هاوبەش و ئەنجامدانى هەماهەنگى بووە لە پێناو گێڕانەوەى سەقامگیرى بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان.

یەکێک لە کۆبوونەوەکان لە نێوان سەعد حەربیە فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکوک و نورى حەمە عەلى فەرماندەى میحوەرى کەرکوک/ پردێى پێشمەرگە بەڕێوەچووە، کە لە دواى 16ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 ەوە یەکەم کۆبوونەوەیە لە پردێ لە نێوان پێشمەرگە و سوپا ئەنجام بدرێت.

نورى حەمەعەلى، فەرماندەى میحوەرى کەرکوک/پردێى پێشمەرگە ، ئامادەنەبوو زانیارى ورد لەسەر ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەیان ئاشکرا بکات و، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند، "کۆبوونەوەکە بۆ هەماهەنگى و گفتوگۆکردن بووە لەسەر دۆخى ناوچەکە."

بەڵام جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە، ئاماژەى بەوەکرد وەزارەتى پێشەرگە و وەزارەتى بەرگرى عێراق ، شەش لیژنەیان بۆ هەماهەنگى کردن و کارى هاوبەش هەیە، یەکێک لە لیژنەکان لیژنەى باڵاى هەردوو وەزارەتە، وتى، "لیژنەکانى تر لیژنەى ناوچەیین، وەکو لیژنەى کەرکوک، دیالە و مەخمور و جێگەکانى تر."

وتیشى، "ئەو لیژنە ناوچەییانە ناو بەناو بۆ کارى هاوبەش و هەماهەنگى کۆ دەبنەوە."

پێشتریش وەفدى پێشمەرگەو سوپاى عێراق لە کەرکوک کۆبوونەتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە هەردوولا لیژنەیەکیان بۆ پڕکردنەوەى ئەو ناوچانە هەیە کەدەکەونە نێوانیان هێزەکانیانەوە، بەڵام هیچ هێزێکیان تێدانیە و دەیانەوێت بەهەماهەنگى هێزى تێ ببەن.

نورى حەمەعەلى، هیواى خواست کۆبونەوەکانى نێوان پێشمەرگەو سوپاى عێراق ئاساییکردنەوەى دۆخى ناوچە کێشەلەسەرەکانى بەدوادابێت.

ئەنجامدانى کۆبونەوە لە نێوان لیژنەکانى پێشمەرگەو سوپاى عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان ، لە کاتێکدایە هەرێم داواى گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانەو دروستکردنى هەماهەنگى لەگەڵ سوپاى عێراق دەکات.
ه.م