گۆڕان: پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم بكرێت

عیراق

08/07/2019‌ 270 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم بكرێت

فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاندووه‌، "سه‌رباری كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، نه‌وت و گازیش بوه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی نێوان هه‌ردولا و ئێستا ڕۆژانه‌ جێی باس و خواستی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هێزه‌ سیاسییه‌كانه‌. فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ پێویستی ده‌زانێ كه‌ دیدی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م ڕوه‌وه‌ به‌ بیر هه‌موان بێنێته‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "كێشه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم پێویسته‌ به‌ پێی ده‌ستورو یاسای نه‌وت و گاز چاره‌سه‌ر بكرێت، ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه به‌پێی ده‌ستور‌ ڕه‌نگه‌ ببێته‌ ده‌ره‌چه‌یه‌كی باش بۆ چاره‌سه‌ری یه‌كجاریی ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ین كه‌ ده‌سته‌ی گشتیی چاودێریی دابه‌ش كردنی دامه‌زراوه‌ ئیتیحادییه‌كان به‌ پێی یاسای ژماره‌ (٥٥)ی ساڵی ٢٠١٧ دروست بكرێت". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:-

دیدی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ كێشه‌ی نه‌وت و گاز له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا

سه‌رباری كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا, نه‌وت و گازیش بوه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی نێوان هه‌ردو لا و, ئێستا ڕۆژانه‌ جێی باس و خواستی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هێزه‌ سیاسییه‌كانه‌. فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ پێویستی ده‌زانێ كه‌ دیدی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م ڕوه‌وه‌ به‌ بیر هه‌موان بێنێته‌وه‌:

١. كێشه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم پێویسته‌ به‌ پێی ده‌ستورو یاسای نه‌وت و گاز چاره‌سه‌ر بكرێت. ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه به‌پێی ده‌ستور‌ ڕه‌نگه‌ ببێته‌ ده‌ره‌چه‌یه‌كی باش بۆ چاره‌سه‌ری یه‌كجاریی ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا. هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ین كه‌ ده‌سته‌ی گشتیی چاودێریی دابه‌ش كردنی دامه‌زراوه‌ ئیتیحادییه‌كان به‌ پێی یاسای ژماره‌ (٥٥)ی ساڵی ٢٠١٧ دروست بكرێت.

٢. ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ین كه‌ قوت و موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بكرێته‌ قوربانیی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌تایبه‌ت له‌ بواری نه‌وت و گاز. پێویسته‌ پرسی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌ پرسی كێشه‌ی نه‌وت و گاز جیابكرێته‌وه‌. هاوڵاتیانی هه‌رێم هاوشێوه‌ی هه‌مو هاوڵاتیانی عێراق پێویسته‌ به‌ شێوه‌ی هاوسان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ و كێشه‌كانیش له‌ڕێی یاساوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

٣. پێویسته‌ به‌ شێوه‌ی ڕیشه‌یی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم بكرێ و له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌م ساڵ دا به‌ تایبه‌تی له‌ ماوه‌ی سێ مانگی داهاتو پێش گفتوگۆی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدرالی بۆ ساڵی ٢٠٢٠, ڕێككه‌وتنی كۆتایی و بنبڕ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێم بكرێت و هه‌مو ساڵێك له‌كاتی ده‌ركردنی یاسای بودجه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌. تا ئه‌و كاته‌ش داوا ده‌كه‌ین كه‌ هه‌رێم و به‌غدا پابه‌ند بن به‌ سه‌رجه‌م بڕگه‌ و ماده‌كانی یاسای بودجه‌ی فیدرال بۆ ساڵی ٢٠١٩. به‌ تایبه‌ت هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌ ناردنی (٢٥٠٠٠٠) دوسه‌د و په‌نجا هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئیتیحادی پابه‌نده‌ به‌ لانی كه‌م ناردنی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم‌.

٤. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ شه‌فافییه‌تین له‌ بواری نه‌وت و گاز له‌ ئاستی عێراق و هه‌رێم و له‌م ڕوه‌وه‌ داوا ده‌كه‌ین به‌ زویی له‌ هه‌رێم سندوقی داهاته‌كانی نه‌وت و گاز دروست بكرێ و ڕێ بدرێ ئه‌م كه‌رته‌ بكه‌وێته‌ ژێر جاودێریی ته‌واو و ,ده‌ربكرێ له‌ مامه‌ڵه‌ی شه‌خسی و حیزبی و, به‌ دامه‌زراوه‌یی بكرێت. 

٥. ئێمه‌ پێمان وایه‌ سیاسه‌تی نه‌وت و گازی هه‌رێم پێویستی به‌ پێداچونه‌وه‌ی جددی هه‌یه‌ و به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستای بوه‌ته‌ به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ بۆ خه‌لكی كوردستان.

چونكه‌:
ا. بوه‌ته‌ هۆی به‌هه‌ده‌ردانی سامانی ژێر زه‌ویی كوردستان كه‌ ته‌نها مولكی نه‌وه‌كانی ئێستا نییه‌. 

ب. بوه‌ته‌ هۆی لاواز بونی ئابوریی هه‌رێم و په‌ككه‌وتنی سێكته‌ره‌ نانه‌وتییه‌كان و كه‌وتنه‌ ژێرباری قه‌رزێكی گه‌وره‌ (وه‌ك ئیدییعا ده‌كرێ) له‌ كاتێكدا نه‌وت فرۆشراوه‌ نه‌كڕدڕاوه‌. 

ج. بوه‌ته‌ هۆی زیاد بونی ناكۆكییه‌كی گه‌وره‌ی تر بۆ ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و, بوه‌ته‌ خاڵێكی لاوازی هه‌رێم نه‌ك خاڵی به‌هێزی له‌ مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی دراوسێش. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ په‌راوێزكه‌وتنی كێشه‌ جه‌وهه‌رییكانی تری وه‌ك خاك و ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ به‌غدا.

فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
٨/ ٧/ ٢٠١٩

ه.م

بەپەلە