واده‌ی بانگهێشتكردنی نوێنه‌ری عه‌بدولمه‌هدی، وه‌زیرانی دارایی و نه‌وت له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ په‌رله‌مان

عیراق

08/07/2019‌ 979 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ په‌رله‌مانی عێراق دوو وه‌زیر و نوێنه‌ری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ڕاده‌ست نه‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ به‌غدا بانگهێشتی په‌رله‌مان ده‌كات.

بڕیاره‌ ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ فوئاد حوسێن، وه‌زیری دارایی و سامر غه‌زبان وه‌زیری نه‌وت و نوێنه‌رێكی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ڕاده‌ستنه‌كردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی بۆ هه‌رێم دیاریكراوه‌ به‌ به‌غدا، میوانداریی بكرێن.

به‌ده‌ر له‌ بانگهێشتكردنی ئه‌و دوو وه‌زیره‌، نوێنه‌ری دیوانی چاودێری دارایی عێراق بانگهێشتی په‌رله‌مان ده‌كرێت، كه‌ بانگهێشتكردنه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای 25 په‌رله‌مانتار بووه‌ و محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ نیشانداوه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕێبوار كه‌ریم، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند، "بڕگەیەكی كاری ئەمرۆی پەرلەمانی عێراق تایبەت بوو بە هەمواری مادەی 58ی یاسای بودجەی گشتی عێراق، كە مادەیەكی تر دابنرێت و تایبەتە بە پڕكردنەوەی پۆستە بەوەكالەتەكانی پلە تایبەتەكانی عێراق، لە كاتی دەنگدان لەسەر هەمواری ئەو مادەیەیەدا، یوسف كلابی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح پرۆژە یاسایەكی خستەروو كە ئیمزای زیاتر لە 50 پەرلەمانتاری لەسەر بوو، داوای كردبوو هەمواری مادەی 10 بڕگەی ج یاسای بودجە بكرێت و ئەو بڕگەیە بگۆڕدرێت بەوەی( هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەستی سۆمۆبكات، ئینجا موچەی فەرمانبەرانی بۆ بنێردرێت) بۆیە ئەو پێشنیازە خرایە دەنگدانەوەو تەنها دەنگی 49 پەرلەمانتاری بەدەستهێنا، هەربۆیە ئەو پەرلەمانتارە گرژی و پشێوی دروستكرد".

رێبوار كەریم ئاماژەی بەوەشكرد، "وەك پەرلەمانتارانی كورد هەموومان كۆدەنگ بووین لەسەرئەوەی كە نابێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕدرێت و دڵنیایی دەدەینە موچەخۆرانی هەرێم كە موچەكەیان لە بەغداوە بەردەوام دەبێت و نابڕدرێت".

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، "سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو وەزیرانی دارایی و نەوت و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران میوانداری بكرێن".

سەرکەوت شەمسەدین، ئه‌ندامی فراكسیۆنی ئاینده‌ له‌په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی كۆبوونوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند، "ئەمرۆ نزیک بوو پەرلەمان موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببرێت".

وتیشی:" پێشنیازی هەمواری یاسای بودجەی عێراق کەتیایدا مەترسی برینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دروستدەکات".

ڕ . ج