وردەكاری تۆمەتباركردنی فەرماندەیەكی سوپای عێراق بەسیخوڕیكردن بۆ CIA

عیراق

09/07/2019‌ 1277 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی "حیزبوڵڵا"ی عیراقی تۆمارێكی دەنگی لیوا روكن مەحمود فەللاحی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنباری بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ CIA بڵاوكردەوە ، لەبەرانبەردا وەزارەتی بەرگری عێراق بڕیاریدا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر ناوبراو دروست بكات.

ئەو لیژنەی لێكۆڵینەوەیەی دروستكراوە بڕیاری دەستگیركردنی ئەو فەرماندە سەربازییەی نەداوە ، بەڵام سەرچاوەیەك باسی لەوە كردووە فەللاحی ئێستا فەرماندەیی هێزە وشكانییەكان لە بەغدا دەستبەسەر كراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كردووە، كە فەللاحی ئازادی تەواوی هەیە لەناو ئەو بارەگا سەربازییەدا هاتوچۆ بكات و مۆبایلەكەشی لەلایە.

لەسەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان سەرچاوەیەك لەناو وەزارەتی بەرگری عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە لێكۆڵینەوەكان هێشتا بەردەوامن و تا ئەم ساتەش نەگەیشتوونەتە ئەنجامی كۆتایی.

لای خۆیەوە ئەبو رغیف پسپۆڕی ئەمنی و نزیك لە دەزگا هەواڵگرییەكانی عێراق بە تەلەفزیۆنی RT راگەیاندووە، دروست نییە فەللاحی تاوانبار بكرێت مادام نەخراوەتە بەردەم لیژنەی هونەری لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند بە تەكنیك و تەكنەلۆژیا  ، ئەو لیژنەیەش ئێستا لەناو دەزگای هەواڵگری سەربازی و ئاسایشی نیستیمانی و شانەی هەڵۆكان هەیە".

ئەو پسپۆرە ئەمنییە دەشڵێت: مادام ئەو لیژنانە بە بەڵگەوە راستی ئەو تۆمەتانەیان نەسەلماندووە كە ئاراستەی فەللاحی كراوە ، ناكرێت لەسەر بنەمای سۆزداری و لەخۆوە تۆمەتی بێبنەما ببەخشرێتەوە ، بەڵام ئەگەر بێت و هەوڵ بدرێت بخرێتە بەردەم لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی نەشارەزا كە هیچ ئامێرێكی تەكنیكیان لەبەردەستدا نەبێت ئەوە هیچ سوودێكی نابێت ".

چەند رۆژێكە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆرە كۆمەڵایەتییەكان چەند تۆمارێكی دەنگیان بڵاوكردەوە كە دەدرێتە لیوا روكن مەعموود فەللاحی فەرماندەی ئۆپەرسیۆنەكانی ئەنبار  كە تێیدا زانیاری لەسە پێگەكانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەكان لەڕێگای نێوەندگیرێكی عێراقییەوە دەداتە دەزگایەكی سیخوڕی ئەمەریكی.

وەرگێڕان:  ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی