شارپرێس:
توێژەرانی ئەمەریكا توانیویانە گەورەترین ئەستێركی ئاوی شیرین لەژێر زەریای ئەتڵەسی لە كەنارەكانی ویلایەتی نیوجێرسی بدۆزنەوە، كە زاناكان بە "گەنجینەیەكی ئاویی"بەبەها ناویان بردووە .
بەگوێرەی پێگەی nzherald، مەزەندە زانستییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەو ئاوە شیرینەی لەو جێگایەدا كۆبووەتەوە بەشی پركردنی نزیكەی ملیارێك حەوزی مەلەكردن دەبێت ، كە ئەوەش ژمارەیەكی گەورەیە .
لەڕووی زانستییەوە گومان دەبرێت ئەوە گەورەترین ئەستێركی ئاوی بێت لەسەر هەسارەی زەوی ، كە بڕەكەی بە ٢٨٠٠ كیلۆمەتر چوارگۆشە دەخەمڵێنرێتو بەشی هەرە زۆری ئاوی شیرینە .
توێژەران دەشڵێن: ئەو ئاوەی دۆزراوەتەوە دەكرێت وەك چارەسەرێك بێت بۆ قەیرانی كەمیاوی لەئایندەدا ، بەتایبەت ژمارەی دانیشتووانی جیهان بەردەوام روو لە زیادبوونەو چاوەرێ دەكرێت لەساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتووانی جیهان بگاتە ٩،٧ ملیار كەس .
گرنگی ئەو دۆزینەوەیە لەوەدایە، كە ژمارەیەك وڵاتی جیهان وەك هیندستان بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن، چاوەڕێش دەكرێت ساڵی ٢٠٢١ نزیكەی ٢١ شاری ئەو وڵاتە، كە ١٠٠ ملیۆن كەسیان تێدا نیشتەجێیە بێئاو ببن .
ئەو دۆزینەوەیە لەسەر دەستی تویژەرانی زانكۆی كۆڵۆمبیا لەنیویۆرك و پەیمانگای "وودز هۆڵ" بۆ لێكۆڵینەوەی زەریاكان و لەرێگای كۆكردنەوەی زانیاری لەكەنارەكانی باكووری رۆژهەڵاتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئاشكرا كراوە .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی