ڤیدیۆیەكی ترسێنەر دوا ساتەكانی شاخەوانە ونبووەكانی هیمالایا نیشان دەدات

جیهان

11/07/2019‌ 2636 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پۆلیسی سەرسنووری نیوان هیندستان و تیبت ڤیدیۆیەكی بڵاو كردەوە، كە چركەساتەكانی كۆتایی دەستەیەك شاخەوان نیشان دەدات، كە مانگی ئایار دوای داڕمانی بەفر لە چیاكە دیار نەمان.

ڕۆژی ڕوودانی كارەساتەكە ٢٦ـی مانگی ئایار، گروپێك كە پێك هاتبوو لە چوار بەریتانی، دوو ئەمریكی، ئوستورالییەك و ڕێبەرێكی هیندی ویستوویانە بە دووەم بەرزترین لوتكەی هیمالایادا هەڵگەڕێن كە ناوی ناندا دێڤییە.

دوای مانگێك گەڕان بە دوایاندا، حەوت لاشەی شاخەوانەكان دۆزرانەوە، پاش ئەوەی لە ٣ـی حوزەیران لە هێلیكۆپتەرێكی سەربازییەوە بەرچاو كەوتن. مردووەكان لە بنەڕەتدا بەشێك بوون لە تیمێكی ١٢ كەسی، بەڵام چوار بەریتانییەكە توانیویانە بەر لە كەوتنی ڕنووە بەفرەكە خۆیان دەرباز بكەن و یەكێكی تریش هێشتا بێ سەروشوێنە.

كامێرای یەكێك لە شاخەوانەكان لە بەرزی ٢٠ هەزار پێ لە ناو بەفردا لە نزیك حەوت لاشەكەوە دۆزرایەوە. پۆلیسی سەرسنووری هیندی-نیپاڵی ڤیدیۆیەكی ١٥٤ چركەیی بڵا كردەوە كە كاژێرەكانی كۆتایی شاخەوانەكان نیشان دەدات.

وتەبێژی پۆلیس لە لێدوانێكدا وتی ''لەپڕ گوێمان لە ژاوەژاوێكی گەورە بوو، ڤیدیۆكە تاریك بوو و وەستا، لەو كاتەدا بە قەدپاڵێكی زۆر ترسناكدا پەڕیونەتەوە، ڕەنگە بەهۆی كێشی شاخەوانەكانەوە بەفرەكە داڕمابێت.''
لێرە كلیك بكە بۆ بینینی ڤیدیۆكە

وەرگێڕان: هێمن عەزیز