نیشتنەوە لەسەر مانگ.. گەشتی ئەپۆڵۆ ١١ چی بوو؟

جیهان

11/07/2019‌ 1983 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نزیكەی پەنجا ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەوكاتەی ئەمریكا وەك یەكەم وڵات مرۆڤی ڕەوانەی سەر مانگ كرد.

پڕۆژی ئەپۆڵۆ ١١ ساتەوەختێكی مەزن بوو لە مێژووی ئەمریكا و جیهاندا، بەڵام هەر بە ڕاست چی ڕوویدا و بۆچی گرنگە؟

بۆ ئەمریكا دەیەویست بچێتە سەر مانگ؟
دوای هەڵدانی یەكەم مانگی دەستكردی سپۆتنیك لە لایەن یەكێتی سۆڤییەتەوە لە ساڵی ١٩٥٧، پێشبڕكێی بۆشایی ئاسمان لە نێوان ئەمریكا و یەكێتی سۆڤییەت دەستی پێ كرد.

كاتێك جۆن كێری لە ساڵی ١٩٦١ بووە سەرۆكی ئەمریكا، بەشێكی زۆری ئەمریكییەكان پێیان وا بوو، كە لە پێناوی باڵادەستی تەكنەلۆژی، پێشبڕكێكە بە دوژمنەكەی سەردەمی جەنگی ساردیان دەدۆڕێنن.

لە هەمان ساڵدا سۆڤییەت یەكەم گەشتی مرۆڤكردی بۆ بۆشایی ئاسمان ئەنجامدا.

بەر لەوە ئەمریكا سوور بوو لەسەر ئەوەی كە دەبێت ئەو یەكەم گەشتی مرۆڤكرد بۆ بۆشایی ئاسمان ئەنجام بدات. ساڵی ١٩٦٢ كەنەدی لە وتارێكی بەناوبانگدا ڕایگەیاند ''ئێمە چوونە سەر مانگ هەڵدەبژێرین!''

پێشبڕكێی بۆشایی هەر بەردەوام بوو و لە ساڵی ١٩٦٥دا یەكێتی سۆڤییەت یەكەم كەشتی ئاسمانی بێ مرۆڤیان ڕەوانەی سەر مانگ كرد.

چۆن ئەمریكا پلانی بۆ پڕۆژەكەی دانا؟
ئاژانسی بۆشایی ئەمریكا، ناسا، بودجەیەكی زەبەلاحی لە بەرنامەی ئەپۆڵۆدا خەرج كرد.

نزیكەی ٤٠٠ هەزار كەس لە ١٧ پرۆژەی ئەپۆلۆدا كاریان كرد و تێچووەكەیان بڕی ٢٥ ملیار دۆلار بوو.

سێ ئاسمانەوان هەڵبژێردران بۆ گەشتی ئەپۆڵۆ ١١، ئەوانیش: بەز ئاڵدرین، نێیڵ ئارمسترۆنگ و میشێل كۆلینس بوون.

موشەكێكی بەهێز بە ناوی – زوحەل V – بڕیار وا بوو كە هەریەك لە یەكەی كۆنترۆڵ، یەكەی خزمەتگوزاری و یەكەیەكی مانگیی هەڵبگرێت و گەشتەكە ئەنجام بدات.

پلان وابوو، كە خولگەی زەوی بەكار بێت بۆ گەیشتن بە خولگەی مانگ، دوای ئەوە هەر یەك لە ئارمسترۆنگ و ئاڵدرین دەچنە ناو یەكە مانگییەكە. ئەوان دادەبەزنە سەر ڕووی مانگ لە كاتێكدا كۆلینس لە دواوە لە كەشتییە ئاسمانییەكەدا دەمێنێتەوە.

ئایا هیچ هەڵەیەك ڕوویدا؟
یەكەم گەشتی مرۆڤكرد كە مەبەست لێی تاقیكردنەوەی چوونە ناو خولگەی زەوی بوو، گەشتی ئەپۆڵۆ ١ بوو لە ساڵی ١٩٦٧. 

بەڵام بەر لە هەڵدانی موشەكەكە، لە كاتی پشكنیندا كارەساتێك ڕوویدا، كاتێك یەكەی كۆنترۆڵ ئاگری گرت و سێ ئاسمانەوان بەو هۆیەوە گیانیان لە دەستدا.

بۆیە گەشتی مرۆڤكرد بۆ چەند مانگێك دواخرا. لە ماوەی پڕۆژەی ئەپۆلۆ ١١ شدا چەند كێشەیەك لە پەیوەندی بە كۆنترۆڵی سەر زەویەوە ڕوویاندا، وە زەنگێكی ئاگاداركردنەوە لەسەر كۆمپیوتەرەكە لێی دا كە زاناكان هەرگیز نەیان بیستبوو.

هەروەها یەكە مانگییەكەش لە جێگەیەك نیشتەوە كە زۆر دوور بوو لە ناوچەی ئامانج.

ڕۆیشتن لەسەر مانگ
سەرەڕای ئەو كێشانە، لە ٢٠ـی تەمموز، پاش نزیكەی ١١٠ كاژیر لە جێهشتنی زەوی، نێیل ئارمسترۆنگ بووە یەكەم مرۆڤ كە هەنگاو لەسەر سەر ڕووی مانگ بنێت. بیست خولەك دواتر بەز ئاڵدرینیش بەدوای ئەودا پێی خستە سەر مانگ. وتەكانی ئارمسترۆنگ سەبارەت بە هەنگاونانی لەسەر ڕووی مانگ، كە لە ڕێگەی تەلەڤیزیۆنەوە بە هەموو جیهاندا بڵاو بوونەوە، چوونە مێژووەوە ''ئەمە تاكە هەنگاوێكی بچووكە بۆ مرۆڤ، بەڵام قەڵەمبازێكی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی.''

دوو زاناكە نزیكەی دوو كاژێر لە دەرەوەی یەكە مانگییەكە مانەوە، لەو ماوەیەدا خەریكی كۆكردنەوەی نمونەی خاكی سەر ڕووی مانگ، وێنەگرتن، و ئەنجامدانی كۆمەڵێ تاقیكردنەوەی زانستی بوون

پاش گەڕان لەسەر مانگ، دوو زاناكە بە سەركەوتووی گەڕانەوە بۆ كەشتییە ئاسمانییە سەرەكییەكە.

گەڕانەوە بۆ زەوی دەستی پێ كرد و ئاسمانەوانەكان لە ٢٤ـی تەمموزدا كەوتنە ناو زەریای هێمنەوە.

بە مەزەندەی ٦٥٠ ملیۆن مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهانەوە بینەری یەكەم نیشتەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ بوون. ئەم دەستكەوتە باڵادەستی هێزی ئەمریكای بەسەر جیهاندا سەلماند.

هەروەها دوای دەیەیەك لە تەنگژە و قەیرانی ناوخۆیی، باوەڕبوونی نەتەوەیی ئەمریكییەكانی بەرز كردەوە. ئەو دەیەیەی تیرۆركرانی كەنەدی ، یاخیبوونی ڕەشپێستەكان لە شارە گەورەكاندا و ڕاڕایی ئەمریكا لە دەستێوەردانی سەربازی لە ڤێتنامی بە خۆوە بینی.

چۆن دەزانین كە چوون سەر مانگ بە ڕاستی ڕوویداوە؟
تا كۆتایی ساڵی ١٩٧٢، ئەمریكا شەش گەشتی مرۆڤكردنی بۆسەر مانگ ئەنجامدا، بەڵام تا ئێستاش كۆمەڵێ تیۆری پیلانگێڕی لە ئارادان كە دەڵێن ئەو نیشتنەوانە لەسەر مانگ دروستكراون.

بەڵام ناسا لە ساڵی ٢٠٠٩ـوە كەشتییەكی ئاسمانی هەواڵگری هەیە، كە بە دەوری خولگەی مانگدا دەخولێتەوە. ئەو كەشتییە وێنەی زۆر ڕوون و ورد دەنێرێت ، كە ئاماژەكانی گەڕان بە سەر ڕووی مانگدا لە لایەن گەشتەكانی ئەپۆڵۆوە دەردەخەن، وەك شوێن پێی زاناكان و جێ تایەی یەكە مانگییەكان.

هەروەها كۆمەڵێ بەڵگەی جیۆلۆجی لەو بەردانەی كە هێنراونەوە سەر زەوی ڕاستی ئەو ڕووداوە دەر دەخەن.

گرنگی چوونە سەر مانگ چییە؟
تا ئێستاش ئەمریكا یەكەم وڵاتە كە مرۆڤی ڕەوانەی سەر مانگ كردبێت.

بەڵام، ڕووسیا، یابان، چین، ئاژانسی ئاسمانەوانی ئەوروپا و هیندستانیش، یان كەشتی ئاسمانی بێ مرۆڤیان ناردووە بۆ خولگەی مانگ یان ئامێریان ڕەوانەی سەر مانگ كردووە.

هەر وڵاتێك بتوانێ ئەمە بكات، ئەوە ئاماژەیە بۆ شارەزایی تەكنەلۆژی و دەیخاتە ڕیزی وڵاتانی پێشكەوتووەوە لە ڕووی ئەم تەكنەلۆژیایەوە.

جگە لەوە كۆمەڵی هۆكاری كردەییش هەیە، وەك بەكاربردنی سەرچاوەكانی سەر مانگ.

ئەو سەهۆڵەی كە لە جەمسەرەكانی هەیە هاوكاری كەشتییە ئاسمانییەكان دەكات بۆ ئەوەی قوڵتر بچنە بۆشاییەوە، چوونكە هایدرۆجین و ئۆكسجین لەخۆ دەگرێت كە ئەمەش دەشێت وەك سوتەمەنی بۆ موشەكە ئاسمانییەكان بەكار بێت.

هەروەها ئارەزوویەكی زۆر هەیە بۆ هەڵكەندی ڕووی مانگ بە مەبەستی دۆزینەوە زێڕ، پلاتینیۆم و كانزا دەگمەنەكانی سەر زەوی، هەرچەندە تا ئێستا ڕوون نییە كە كارێكی لەم شێوەیە بەو ئاسانییە دەكرێت یا نا.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز