شارپرێس: هەندێك پێگەی ئینتەرنێت چەند وێنە و ڤیدیۆیەكی نموونەی نوێی ئۆتۆمبیلی Defender یان دزەپێكردووە، كە كۆمپانیای "لاند رۆڤەر" بەم نزیكانەی دەیخاتە بازاڕەكانی جیهان. بەگوێرەی ئەو وێنە دزەپێكراوانە ئەو ئۆتۆمبیلە لە ئۆتۆمبیلی ئێستای Defender گەورەترە و بۆدییەكی هەیە، كە درێژییەكەی لە ٥ مەتر زیاترە و جێگای ٨ سەرنشینی تێدا دەبێتەوە. وابڕیارە ئەو ئۆتۆمبیلە ٤ نموونەی لێدەربكرێت ، كە هەموویان نوێترین سیستەمی ئەلیكترۆنیان لەسەر دەبێت، كە كۆنترۆڵی لێخوڕین و خێرایی ئۆتۆمبیلەكە دەكات ، هەروەك بۆ ناوچە بەردەڵانەكان سیستەمی كۆنترۆڵی هەر یەك لە تایەكان بەجیای لەسەرە ، ئەوە سەرباری سیستەمی سەلامەتی ڕێگەوبانەكان و سیستەمی ستۆپ گرتنی ئۆتۆماتیكی كاتێك بەشێوەیەكی مەترسیدار لە تەنێكی تر نزیك دەبێتەوە . ئەو ئۆتۆمبیلە توانای ئەوەی هەیە لە سەختترین بارودۆخی كەشوهەوا و لەپلەیەكی گەرمی لەنێوان +٥٠ و -٤٠ پلەی گەرمی كار بكات . هێشتا نازانرێت ئەو ئۆتۆمبیلە چی جۆرە بزوێنەرێكی بۆ دادەنرێت ، بەڵام زانیارییە دزەپێكراوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن بزوێنەری بەنزینی شەش پستۆنی، كە توانای ٣٥٠ بۆ ٤٦٠ ئەسپی دەبێت لەگەڵ بزوێنەری دیزڵ بە توانای ٣٢٠ ئەس،پ كە هەریەكەیان بە گێڕێكی ئۆتۆماتیكی ٦ قۆناغی خێرایی كار دەكات . وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی