بەهۆی "موجامەلاتە سیاسییەكان" هەرێم پابەندی رێكەوتنەكەی لەگەڵ عێراق نابێت

عیراق

11/07/2019‌ 806 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران پێیوایە، كە پابەند نەبوونی هەرێمی كوردستان بەرادەستكردنی داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەكانی پەیوەندی بە "موجامەلاتە سیاسییەكان"و بێدەنگی حكومەتی فیدراڵییەوە هەیە .

حەنین قەدۆ ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت: زۆربەی كوتلە سیاسییەكان بێدەنگیان هەڵبژاردووەو لەكاتی خستنەرووی دۆسییەی پابەندنەبوونی هەرێم بە رادەستكردنی نەوت بەكۆمپانیای سۆمۆ و بابەتی دەروازە سنوورییەكان لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران هیچ گفتوگۆیەك ناكەن"، پێشیوایە موجامەلاتە سیاسییەكان لەپشت پابەندنەبوونی هەرێمەوەن بەرێكەوتنەكانی لەگەڵ بەغدا .

لەبەشێكی تری قسەكانیدا قەدۆ دەسڵێت: بێدەنگی حكومەتی بەغدا و نەگرتنەبەری هیچ ڕێوشوێنێكی یاسایی ئەوتۆ  دژ بە هەرێم ، پاڵی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ناوە دۆسیەی رادەستكردنی نەوت‌و دەروازە سنوورییەكان بە حكومەتی ناوەندی پشتگوی بخات.

هەروەها دەڵێت: هەر بەهۆی موجامەلاتە سیاسییەكان لەگەڵ هێزە كوردییەكان. دۆسیەی لەسەركارلادانی فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی كە لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە خراوەتە روو شكست دەهێنێت .

پێشتر لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران باسی لەوە كردبوو، كە لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ هیچ برگەیەكی تێدا نابێت ئاماژە بەپابەندبوونی حكومەتی بەغدا بكات بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ، باسیان لەوەش كردبوو دانانی ئەو برگەیە لە بودجەی ساڵی ٢٠١٩ لە نیاتپاكی بەغدا بوو بەرانبەر بە هەرێم ، بەڵام هەولێر ئامادە نەبوو بەرپرسیارێتییەكانی بەگوێرەی یاسای بودجە بەجێبگەیەنێت .

هەروەك ریاز محەمەد ، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون جەختیكردووەتەوە، عادل عەبدول مەهدی  سەرۆك وەزیری عێراق پابەندە بەوەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو چەند مانگەی لە ئەمساڵدا ماوە رابگرێت تا ئەوكاتەی هەرێم ئەو برە نەوتەی لە پرۆژە یاسای بودجە ئاماژەی پیكراوە رادەستی بەغدا دەكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی